دوایین پەرەسەندن؛ گواستنەوەی راشفۆرد بۆ بارسێلۆنا چ پەیوەندییەکی بە لیڤەرپوولە؟
راشفۆرد خەون بە یارییکردن بۆ بارسێلۆنا دەبینێت، بەڵام ئاستەنگی گەورەی لەبەردەمە

یاریگا –
مارکوس راشفۆرد، ئەستێرەی مانچێستەر یونایتد دەیەوێت بۆ وەرزی داهاتوو لە بارسێلۆنا یاریی بکات.
رۆژنامەی موندۆ دێپۆرتیڤۆ بڵاویکردووەتەوە، راشفۆرد ئامادەیە هەموو شتێک لە پێناو یارییکردن بۆ بارسا بکات، بەڵام بارسێلۆنا لەم گواستنەوەیە دوودڵە.
دێکۆ، بەڕێوەبەری وەرزشی بارسێلۆنا ئامانجی سەرەکی بارسای لە مێرکاتۆی ئەم هاوینە دەستنیشانکردووە، ئەویش لویس دیاز، ئەستێرەی لیڤەرپوولە، بەڵام لە بارسێلۆنا راشفۆرد وەکو شوێنگرەوەیەک بۆ دیاز سەیردەکرێت، ئەمەش لە ئەگەری شکستهێنانی گواستنەوەی ئەستێرە کۆڵۆمبییەکە.
پێناچێت راشفۆرد جارێکی دیکە لە مان یونایتد یاریی بکاتەوە، ئەمەش بەهۆی نەگونجانی ئەستێرەکە لەگەڵ روبن ئامۆریم، راهێنەری مان یونایتد.
دەنگۆکانی گواستنەوەی راشفۆرد بۆ بارسا ئەوکاتە زیادیکرد، کاتێک کۆمێنتێکی بۆ پۆستێکی لامین یامال و مایک تاوەرس، گۆرانیبێژی پوێرتۆ ریکۆیی کرد.
هێشتا چەند مانگێک بۆ مێرکاتۆی هاوینە ماوە و ئەمجارە مانچێستەر یونایتد دەیەوێت بەیەکجاری دەستبەرداری راشفۆرد بێت، نەک بە خواستن، چونکە مان یونایتد پێویستی بە نەختینەییە تاوەکو بتوانێت گرێبەستی نوێ بکات.
بەگوێرەی رۆژنامە کاتالوونییەکە، بڕیارە لە چەند هەفتەی داهاتوودا، بارسێلۆنا خۆی بۆ گواستنەوەی دیاز یەکلاییبکاتەوە و لە ئەگەری شکستهێنانی، پەنا بۆ راشفۆرد دەبات.
بەهای گواستنەوەی راشفۆرد بریتییە لە 40 ملیۆن پاوەند، بەڵام پێشبینیدەکرێت، بە دەستپێکردنی گفتوگۆکان، بارسا بتوانێت بەهای گواستنەوەکەی کەمبکاتەوە.