جیهانگرنگترین

ئەفسانەیەکی بارسێلۆنا: رۆناڵدۆ باشترین یاریزانی مێژووە

Yariga App

یاریگا –

ئەفسانەیەکی بارسێلۆنا بوێریی نواند و لای خۆیەوە باشترین یاریزانی مێژوو، کە بابەتێکی پڕمشتومرە لە جیهانی تۆپی پێ، دیاریکرد.

دیاریکردنی باشترین یاریزانی مێژوو لەمێژە شەقامی وەرزشیی جیهانیی دابەشکردووە. پێشتر لەنێوان پێلێ و مارادۆنا و، لە سەدەی بیستویەکیش بەدواوە کریستیانۆ رۆناڵدۆ و لیۆنێل مێسی هێندەیتر بابەتەکەی زەقترکردەوە. بەتایبەت لەنێوان هاندەر و هەوادارانی بارسێلۆنا و ریال مەدرید کە ئەو دوو ئەفسانە زیندووەی تۆپی پێی ماوەی چەندی ساڵ رکابەری یەکتریان دەکرد. بڕیاردان لەو بارەیەوە رەنگە تا ردایەک لای ئەوانە ئاسان بووبێت کە تەنها لە بارسا/ئەرجەنتین یاخود ریال/پۆرتوگال خزمەتیان کردووە. بەڵام ئەوانەی یانەکەی بە یەکێک لەو دوو ئەفسانەیە دەیبەستنەوە و، لە هەڵبژاردەش بە ئەوی دیکەیان، ئەوا دەکەونە دۆخێکی شەرمهێنەوە بۆ دەستنیشانکردنی یەکێکیان وەک باشترین. کەچی دێکۆی پۆرتوگالی ئەستێرەی پێشووی بلاوگرانا کە ئێستا بەڕێوەبەری وەرزشی یانەکەشە، بەبێ گوێدان بە کاردانەوەکان رۆناڵدۆی هاونیشتیمانیی وەک باشترینی مێژوو دیاریکرد، سەرەڕای ئەو راستیەی کە ماوەیەکیش هاوتیمی مێسی بوو لە بارسا.

دێکۆ و مێسی لە بارسێلۆنا

لە نوێترین لێدواندا لەسەر دۆخی رۆناڵدۆی هاونیشتیمانی و دوای ئەو دۆخەی لەگەڵ یانەی نەسڕ تێیکەوتووە لە بارەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی کە لە بەرپرسانی یانەکەی نیگەرانە، دێکۆ بەرگری لە گۆڵکاری ئەم وەرزەی خولی سعوودی کرد. هاوکات متمانەشی پیشاندا کە دەتوانێ هاوکاری پۆرتوگال بکات بۆ مۆندیالی 2026. وەڵامی ئەو پرسیارەشی بە تووڕەیەوە دایەوە کە لە بارەی گرنگیی دۆن بۆ هەڵبژاردەکەی ئاڕاستەی کرا و وتی

نابێت گومان لەوە بکرێت سەردەمی رۆناڵدۆ لەگەڵ پۆرتوگال کۆتایی هاتووە. وتنی ئەوە خۆی لە خۆیدا بێڕێزییە. رۆناڵدۆ باشترین یاریزانی مێژووی پۆرتوگالە. بەڵکوو باشترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێشە.

من راهێنەر نیم. بۆیە پرسیارەکە هیچ مانایەکی نییە لای من. کریستیانۆ بەشێکە لە مێژووی تۆپی پێی و هەرواش دەمێنێتەوە.

دێکۆ و رۆناڵدۆ بە درێسی هەڵبژاردەی پۆرتوگال

وروژاندنی ئەم باسە لەکاتێکدایە چوارشەممەی ئەم هەفتەیە پۆرتوگال لە چوارگۆشەی زێڕینی خولی نەتەوەکانی ئەوروپا رووبەڕووی ئەڵمانیا دەبێتەوە و رۆناڵدۆ سەرکردایەتی تیمەکەی رۆبێرتۆ مارتینێزی ڕاهێنەری بەلجیکی دەکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button