ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

خوان گارسیا بڕیاری خۆی دا و یەکێک لە پڕمشتومڕترین گرێبەستەکانی ئەم هاوینە لە کۆتایی نزیکبووەتەوە

بارسێلۆنا ریمۆنتادای بەسەر یانەکانی پرێمەرلیگدا کرد

Yariga App

یاریگا –

خوان گارسیا لەبارەی یانەی داهاتووی بڕیاری کۆتایی خۆی داوە و یەکێک لە پڕمشتومڕترین گرێبەستەکانی ئەم هاوینە لە کۆتایی نزیکبووەتەوە.

ماتیۆ مۆرێتۆ رۆژنامەنووسی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، بارسێلۆنا و خوان گارسیا گۆڵپارێزی ئیسپانیۆل نیمچە رێککەوتنێکیان کردووە و گۆڵپارێزە ئیسپانییەکە بڕیاریداوە بارسێلۆنا هەڵبژێرێت و پەیوەندی بە ریزەکانی بلاوگرانا بکات، لەکاتێکدا هەفتەی رابردوو نزیکبوو بچێتە یانەیەکی پرێمەرلیگ.

ماتیۆ مۆرێتۆ راشیگەیاندووە، دوای ئەوەی هانزی فلیک راهێنەر و دیکۆ بەڕێوەبەری وەرزشی بارسێلۆنا پەیوەندییان بە خوان گارسیا کردووە و گەرەنتییان پێداوە ئەگەر رووبکاتە بارسێلۆنا وەکو گۆڵپارێزێکی کاریگەر هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکەن، ئەمەش وای لە گۆڵپارێزەکە کردووە بڕیاری خۆی بگۆڕێت.

پێشتر ماتیۆ مۆریتۆ رۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئیسپانی ئاشکرایکردبوو، خوان گارسیا گۆڵپارێزی ئیسپانیۆل بە یانەکەی راگەیاندووە، ئارەزوو دەکات بچێتە یانەیەکی پرێمەرلیگ، نەوەک بچێتە بارسێلۆنا کە رکابەرێکی لەمێژینەی ئیسپانیۆلە. بەڕێوەبەری کارەکانی گارسیا لەگەڵ نیوکاسڵ یونایتد لەگفتوگۆدابوو، بەڵام بە هەنگاوێکی بارسێلۆنا گۆڵپارێزە لاوەکەی پەلکێشی لای خۆی کردووەتەوە، بلاوگرانا بەرامبەر 25 ملیۆن یۆرۆ نرخی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی گۆڵپارێزەکەی ئیسپانیۆل دەدات و ئەو گۆڵپارێزە 24 ساڵانە دەبێتە رکابەری مارک ئاندرێ تێرشتیگن و ڤۆیسیچ چێزنی.

رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی رایگەیاندووە، گارسیا رازی بووە تاوەکو 2031 گرێبەست لەگەڵ بارسێلۆنا واژۆ بکات و چاوەڕێ دەکرێت ئەم هەفتەیە هەموو شتێک یەکلایی بێتەوە، لەکاتێکدا لەم رۆژانەیی دواییدا ریال مەدریدیش بۆ گواستنەوەی ئەو گۆڵپارێزە ئیسپانییە هاتبووە سەر هێڵ.

گارسیا یەکێکە لە باشترین گۆڵپارێزەکانی ئێستای ئیسپانیا، لەم وەرزەی لالیگا خاوەنی زۆرترین بەرپەرچدانەوە بوو لە خولەکە، 146 جار بەرپەرچی هێرشەکانی دایەوە و یەکێک بوو لە هۆکارە کاریگەرەکان بۆ مانەوەی ئیسپانیۆل لە ریزی یانە پلە یەکەکان.

پێشتر رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ ئاشکرایکردبوو، جگە لە بارسێلۆنا هەریەکە لە یانەکانی ئارسیناڵ و ئاستۆن ڤیلا و بۆرنمۆسی ئینگلیزی و بایەر لیڤەرکوزنی ئەڵمانی ئۆفەریان پێشکەشی خوان گارسیا کردووە و دەیانەوێت ئەو گۆڵپارێزە بگوازنەوە ریزەکانیان، کە تاوەکو هاوینی 2028 گرێبەستی لەگەڵ ئیسپانیۆل هەیە.

بابەتی زیاتر

Back to top button