لە رۆژی یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا، کەسایەتییەکی دیاری ئینتەرمیلان کۆچی دوایی کرد

یاریگا –
چەند کاتژمێرێک پێش ئێستا ئێرنێستۆ پێلیگرینی سەرۆکی پێشووی ئینتەرمیلان کۆچی دوایی کرد.
ئینتەرمیلان ماتەمینی بۆ کۆچی دوایی یەکێک لە سەرۆکە دیارەکانی مێژووی خۆی، ئێرنێستۆ پێلگرینی دەگێڕێت. ئەو کەسایەتییە ناودارە لە تەمەنی 84 ساڵیدا و رێک لەهەمان رۆژ کە نیرازۆری خۆی بۆ یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر پاریس سانجێرمان ئامادە دەکات، کۆچی دوایی کرد و یانەکە لە بەیاننامەیەکدا هاوخەمی خۆی بۆ ئەفسانەی یانەکەیان دەربڕی.
پێلێگرینی لە ساڵی 1984 دوای کڕینی یانەکەی لە ئیڤانۆ فرایزۆلی دەستبەکاربوو و سەرکردایەتی یەکێک لە سەرکەوتووترین قۆناخەکانی مێژووی یانەکەی کرد. لە ژێر ئیدارەی ئەو و بە رێنمایی جیۆڤانی تراپاتۆنی، ئینتەر توانی نازناوی مێژوویی سکودێتۆی ساڵانی 1988-1989 بەدەستبهێنێت، کە ژمارەیەکی پێوانەیی بوو لە خولی ئیتاڵیا کە 18 تیپی تێدابوو (دوو خاڵ بۆ هەر بردنەوەیەک)، بە “سکودێتۆی ژمارە پێوانەییەکان” ناسرا.
Ci ha lasciato il Presidente Ernesto Pellegrini. Per undici anni ha guidato l’Inter con saggezza, onore e determinazione, lasciando una impronta indelebile nella storia del nostro Club.
FC Internazionale Milano e tutto il popolo nerazzurro si stringono attorno ai suoi familiari pic.twitter.com/pXMdNsOZ06
— Inter ⭐⭐ (@Inter) May 31, 2025
هەروەها پێلێگرینی رۆڵی سەرەکی هەبوو لە هێنانی ئەستێرە ئەڵمانییەکانی ئەو سەردەمە: لۆتار ماتیوس، یورگن کلینسمان و کارل هاینز رومێنیگ، ئەو یاریزانانەی کە هێمای ئەو سەردەمە زێڕینە بوون. لە ماوەی سەرۆکایەتیدا، ئینتەرمیلان دوو جار جامی یەکێتی ئەوروپا (1991 و 1994) و جامی سوپەری ئیتاڵیا (1989)ی بەدەستهێنا.
بردنەوەی جامی یەکێتی ئەوروپا لە ساڵی 1991 خاڵێکی گرنگ بوو بە تایبەتی، چونکە کۆتایی بە چاوەڕوانی 26 ساڵەی ئینتەرمیلان هێنا بۆ گەڕانەوە بۆ تۆپی پێی ئەوروپا. لە کۆتاییدا پێلێگرینی لە ساڵی1995 یانەکەی رادەستی ماسیمۆ مۆراتی کرد، بەڵام میرات و کاریگەرییە قووڵەکەی تا ئەمڕۆش لە یادی هاندەران و مێژووی یانەکەدا ماوەتەوە.