ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌راپۆرتی تایبەتگرنگترین

بەدواداچوون؛ چەند یاریزان ریال مەدرید جێدەهێڵن؟

ژمارەیەک یاریزان بۆ جێهێشتنی ریال مەدرید پاڵێوراون

Yariga App

یاریگا –

ریال مەدرید بە قۆناخێکی راگوزەر تێدەپەڕێت و پێشبینی گۆڕانکاری گەورە دەکرێت.

دوای دەستبەکاربوونی چابی ئاڵۆنسۆ، وەکو راهێنەری نوێی ریال مەدرید، پێشبینی گۆڕانکاری گەورە لە شێوازی یارییکردنی یانەکە و رێکخستنەوەی یاریزانان دەکرێت.

تاوەکو ئێستا مەدرید تەنیا ترێنت ئالێکساندەر ئارنۆڵد و دین هاوسنی بە فەرمی گواستووەتەوە، لەلایەکی دیکەشەوە، باس لە نزیکبوونەوەی ئالڤارۆ کارێراس، بەرگریکاری باڵی چەپی بێنفیکا دەکرێت.

لەسەر ئاستی چوونە دەرەوەشدا، تاوەکو ئێستا لوکا مۆدریچ، لوکاس ڤازکێز و ڤایێخۆ ریزەکانی مەدریدییان جێهێشتووە و چەند یاریزانێکی دیکەش بۆ چوونە دەرەوە پاڵێوراون.

رۆژنامەی موندۆ دێپۆرتیڤۆ لیستێک یاریزانی ئامادەکردووە کە ئەگەری چوونە دەرەوەیان لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ هەیە؛

ئاندرێ لونین

گۆڵپارێزی 26 ساڵان لەوانەیە لە مێرکاتۆی ئەم هاوینەدا، هەرچەندە گرێبەستەکەی تاوەکو هاوینی ساڵی 2030 لە مەدرید واژۆ کردووە، بەڵام لەوانەیە کاروانەکەی لەگەڵ یانەیەکی دیکە تەواو بکات، چونکە ئەستەمە بتوانێت شوێنی سەرەکی لە تیبو کۆرتوا وەربگرێت، بۆیە پێشبینی چوونە دەرەوە دەکرێت.

دەیڤد ئالابا

بەرگریکاری 32 ساڵانی نەمسایی، لە وەرزی رابردوو بەهۆی پێکان بۆ ماوەیەکی درێژ لە یاریگاکان دابڕا و دوای گواستنەوەی هاوسن، پێدەچێت ئالابا ببێتە یەدەک. گرێبەستی ئالابا لە هاوینی ساڵی داهاتوو بەسەردەچێت و بەهای ئێستای لە بازاڕی گواستنەوەکان بریتییە لە 20 ملیۆن یۆرۆ.

فران گارسیا

بەرگریکاری باڵی چەپ ئاستێکی بەرزی لە وەرزی رابردوودا واژۆکرد، بەڵام بە نزیکبوونەوەی مەدرید لە گواستنەوەی کارێراس، پێدەچێت گارسیا بەدوای یانەیەکی دیکە بگەڕێت و چەند یانەیەک لە ئیتاڵیا، ئینگلتەرا و پۆرتوگال ئامادەن گارسیای تەمەن 25 ساڵان بگوازنەوە. گرێبەستی گارسیا لە هاوینی ساڵی 2027 بەسەردەچێت.

فێرلاند مێندی

بەرگریکاری 29 ساڵان شوێنی لە پێکهاتەی سەرەکیدا نەماوە، هەرچەندە بەمدواییە گرێبەستەکەی تاوەکو هاوینی ساڵی 2028 نوێکردەوە، بەڵام پێناچێت شوێنێک لە پێکهاتەی سەرەکی بەدەستبهێنێت و بژاردەی چوونە دەرەوەی لە بەردەمدا کراوەیە.

دانی سێبایۆس

ناوەڕاستکارە 28 ساڵییەکە رۆڵی باڵای لە بەشێکی زۆری ئەو یارییانە گێڕاوە کە بەشداری تێداکردووە. هەرچەندە هیچ کاتێک ناوی لە پێکهاتەی سەرەکی جێگیر نەبوو. مەدرید بەدوای شوێنگرەوەی مۆدریچ دەگەڕێت و ئاڵۆنسۆ پێی وانییە، سێبایۆس بتوانێت ئەو رۆڵە بگێڕێت. گرێبەستی سێبایۆس لە هاوینی ساڵی 2027 بەسەردەچێت و ریال بێتیس بەجیدی بۆ گواستنەوەی هاتووەتە سەرهێڵ.

رۆدریگۆ

گرێبەستی رۆدریگۆ لە هاوینی ساڵی 2028 بەسەردەچێت و لە کۆتا بەشی وەرزی رابردوو، ناکۆکییەکانی روونبوو لەگەڵ کارلۆ ئانچێلۆتی. ئەستێرە بەڕازیلییەکە گلەیی کەمی بەشداریی هەبوو، بەڵام بە هاتنی ئاڵۆنسۆ لەوانەیە هاوکێشەکە بگۆڕێت، چونکە راهێنەرە ئیسپانییەکە بە تواناکانی رۆدریگۆ سەرسامە.

رۆدریگۆ دەیەوێت لەگەڵ ئاڵۆنسۆ کۆببێتەوە و هەموو شتێک یەکلاییبکەنەوە، لە ئەگەری رێکنەکەوتنیان، ئارسیناڵ و چێڵسی بۆ گواستنەوەی ئامادەن.

ئێندریک

یاریزانە 18 ساڵییەکەی بەڕازیل، رۆڵێکی کەمی لە وەرزی رابردووی یانەکەدا گێڕا، هەرچەندە چاوەڕوانییەکی گەورەی لێدەکرا. گرێبەستی ئێندریک لە هاوینی ساڵی 2030 بەسەردەچێت و یاریزانەکە نایەوێت مەدرید جێبهێڵێت، بەڵام ئەگەری چوونە دەرەوەی بەخواستن، بژاردەیەکی بەهێزە.

بابەتی زیاتر

Back to top button