تۆتنهام بەجارێک دەستبەرداری چوار یاریزان دەبێت
سپێرز گۆڕانکاری گەورە دەکات

یاریگا –
تۆتنهام بە فەرمی جیابوونەوەی چوار یاریزانی لە یانەکەی ئاشکرادەکات.
پاڵەوانی یۆرۆپالیگ لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، چوونە دەرەوەی فرەیزەر فۆستەر، سێرجیۆ ریگیلۆن و ئالفی وایتمانی راگەیاند و تەواوبوونی وادەی خواستنی تیمۆ ڤێرنەریشی پشتڕاستکردەوە و دەگەڕێتەوە لایپزیگ.
We can confirm the departures of Fraser Forster, Sergio Reguilon and Alfie Whiteman following the conclusion of their contracts, while Timo Werner departs following the conclusion of his loan spell.
Thank you for your service and all the best for the future, lads 🤍
— Tottenham Hotspur (@SpursOfficial) May 31, 2025
فرەیزەر لە هاوینی ساڵی 2022 لە ساوسامتنەوە پەیوەندی بە یانەکەوە کرد، بەشداری لە تەنیا 34 یارییدا کرد.
ریگیلۆن، بەرگریکاری ئیسپانی لە هاوینی ساڵی 2020 بووە جەنگاوەری یانە لەندەنییەکە و دوای دوو وەرز، بووە یاریزانێکی سەرەکی لە پێکهاتەی سپێرز. یاریزانەکە بە خواستن یاریی بۆ یانەکانی ئاتلێتیکۆ مەدرید، مانچێستەر یونایتد و برێنتفۆرد کرد. بەدرێژایی کاروانەکەی 73 یاریی لەگەڵ سپیپۆشەکان کرد و تەنیا خاوەنی دوو گۆڵە.
ئالفی، بەرهەمی ئەکادیمیای تۆتنهام بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2017 بانگهێشتی تیمی یەکەم کرا. گۆڵپارێزەکە دووجار بە خواستن یاریی بۆ یانەی دەیگێرفۆشی سوێدی لە ساڵانی 2021 و 2022 کرد.
تیمۆ ڤێرنەر لە یەنایەر/کانوونی دووەمی ساڵی 2024 بەخواستن بۆ ماوەی شەش مانگ لە لایپزیگەوە پەیوەندی بە سپێرز کرد، دوای تەواوبوونی ماوەی خواستنەکەی، بۆ ماوەی وەرزێک گرێبەستی خواستنەکەی درێژکرایەوە. تیمۆ لە کۆی 41 یاریدا تەنیا سێ گۆڵی بۆ سپێرز کرد.
لەلایەکی دیکەوە، لە تۆتنهام لە بەیاننامەکەیدا ئاشکرای دەکات، گواستنەوەی خواستن پیێر ئێمیل هۆیبێرگ بۆ مارسیلیا دەکرێتە هەمیشەیی، هەروەها گواستنەوەی کێڤن دانسۆ لە لانسەوە دەکرێتە هەمیشەیی.