گواردیۆلا راهێنەرێکی پێشووی لیڤەرپوول دەکاتە یاریدەدەری خۆی
پێپ چاوی لە نوێکردنەوەی بیرۆکەکانییەتی

یاریگا –
پێپ لەیندێرس، یاریدەدەری پێشووی یورگن کڵۆپ لە لیڤەرپوول، خەریکە پەیوەندی بە رکابەرێکی رێدز دەکات.
راهێنەرە 42 ساڵییەکە بۆ ماوەی هەشت ساڵ و نیو لە لیڤەرپوول کارییکردووە، بەڵام ئێستا دوای وەرزێک دوورکەوتنەوە لە پرێمەرلیگ، لە دەرگایەکی گەورە دەگەڕێتەوە.
تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، پێپ گواردیۆلا، راهێنەری مانچێستەر سیتی گۆڕانکاری گەورەی لە ستافەکەیدا کردووە، هەریەکە لە خوانما لییۆ، کارلۆس ڤیسێنس و ئینیگۆ دۆمینیگێزی دوورخستەوە، ئێستا دەیەوێت ستافێکی نوێ و خاوەن بیرۆکەی قووڵ لە ستافەکەی کۆبکاتەوە.
لەیندێرس دوای جیابوونەوەی لە لیڤەرپوول و کڵۆپ، بووە راهێنەری رێد بوڵ سالزبورگی نەمسایی. لە ماوەی رابردوودا یانەکانی وەکو پۆرتۆ، بێشیکتاش و ئەیاکس چاودێری لەیندێرسیان دەکرد.
لەیندێرس حەفت مانگ لە یانە نەمساییەکە کارییکرد و دواتر دوورخرایەوە، دوای ئەوەی جیاوازییەکەی لەگەڵ ستورم گراز بۆ 10 خاڵ زیادبوو، ئەمەش دەستەی کارگێڕی یانەکەی ناچار بە دوورخستنەوەی راهێنەرەکە کرد.
یاریدەدەری پێشووی کڵۆپ لە هاوینی ساڵی 2014 بووە راهێنەری تیمی ژێر 16 ساڵانی لیڤەرپوول و دواتر لەلایەن برێندان رۆجەرز، راهێنەری ئەوکاتی لیڤەرپوول، کرایە ئەندامی ستافی راهێنەرایەتی و ساڵێک دواتر، لەگەڵ کڵۆپ بەردەوامبوو.