دوایین پەرەسەندن؛ سانێ دەچێتە لەندەن یان لە میونشن دەمێنێتەوە؟
ئەستێرە ئەڵمانییەکە هەمووانی بەخۆی سەرقاڵ کردووە

یاریگا –
بایرن میونشن تەواو هەستی بە مەترسییەکانی لەدەستدانی لیرۆی سانێ کردووە و خەریکە هەنگاوی جیدی دەنێت.
هەفتەیەکە میونشن خەریکی رازیکردنی سانێیە تاوەکو گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە، بەڵام ئەستێرە ئەڵمانییەکە یەکەم ئۆفەری میونشنی رەتکردەوە و ئەمەش وایکرد، یانەکانی وەکو ئارسیناڵ و تۆتنهام زوو بچنە سەرهێڵ.
تۆڕی هەواڵی سکای سپۆرتس ئاشکرایدەکات، میونشن ئۆفەرێکی دیکەی پێشکەشی سانێ کردووە و دەستکاری مووچەی کراوە، بەڵام بەبێ ئەوەی سنووری مووچەکەی ئاشکرا بکات.
میونشن دەیەوێت گرێبەستی سانێ نوێبکاتەوە، بەڵام ئەستێرە ئەڵمانییەکە بە ئۆفەری یەکەم رازینەبوو، چونکە مووچەکەی وەکو خۆی دانرابوو.
چوارشەممەی رابردوو، بەڕێوەبەری کارەکانی سانێ گفتوگۆی لەگەڵ ماکس ئێبێرل، بەڕێوەبەری وەرزشی میونشن کرد، بەڵام هیچ رێککەوتنێکی کۆنکرێتی نەکراوە.
چەند یانەیەکی پرێمەرلیگ بەتوندی بۆ گواستنەوەی سانێ هاتوونەتە سەرهێڵ و تۆتنهام نیازی تەواوی بۆ گواستنەوەی دەربڕیوە. لەلایەکی دیکەوە، گاڵاتەسەڕای لە نزیکەوە چاودێری دۆخی سانێ دەکات و بژاردەیەکی دیکەیە بۆ ئەستێرە ئەڵمانییەکە.
سانێ لە وەرزی رابردوودا، 45 یاریی بۆ میونشن کردووە، خاوەنی 13 گۆڵ و شەش ئەسیستە.