مانچێستەر سیتی و ئەستێرەیەکی لاوی فەڕەنسی رێککەوتن
خەریکە گواردیۆلا ئەستێرەکە لە چنگی لیڤەرپوول و دۆرتموند دەردەهێنێت

یاریگا –
رەیان شەرقی، ئەستێرەی لاوی ئۆڵیمپیک لیۆن خەریکە پەیوەندی بە مانچێستەر سیتی دەکات.
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری مانچێستەر سیتی دەمێکە چاودێری شەرقی دەکات و خۆی لەسەر لە نزیکەوە چاودێری پڕۆسەی گفتوگۆکان دەکات.
پێگەی فووت مێرکاتۆ بڵاویکردووەتەوە، مان سیتی خەریکە کێبڕکێیەکە لە لیڤەرپوول و بۆڕووسیا دۆرتموند دەباتەوە، یاریزانە 21 ساڵییەکە لەگەڵ مان سیتی رێککەوتووە، ئەمەش دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان گواردیۆلا و ئەستێرە فەڕەنسییەکە.
مان سیتی وەرزێکی خراپی بەڕێکرد و پلەی سێیەمی پرێمەرلیگی بەدەستهێنا، هەروەها کێڤن دی بڕۆین، ئەستێرەی بەلجیکیش ریزەکانی سیتیزنزی جێهێشت، بۆیە گواردیۆلا سوورە لەسەر دۆزینەوەی خێرای جێگرەوەیەک.
شەرقی لە وەرزی رابردووی لیگ وەندا، هەشت گۆڵ و 11 ئەسیستی هەبوو و یەکێکە لە دیارترین بەهرەمەندانی ئێستای فەڕەنسا.
پێشتر لیڤەرپوول نیازی گواستنەوەی شەرقی هەبوو، بەڵام ئێستا تەواوی سەرنجی خۆی لەسەر گواستنەوەی فلۆریان ڤیرتز، ئەستێرەی بایەر لیڤەرکوزن داناوە و ئۆفەرێکی بەبڕی 130 ملیۆن یۆرۆی پێشکەشی یانە ئەڵمانییەکە کردووە.
تاوەکو ئێستا شەرقی هیچ یارییەکی بۆ هەڵبژاردەی فەڕەنسا نەکردووە، بەڵام دیدیێ دیشام، ئەستێرەکەی بانگهێشتی یارییەکانی نەیشنزلیگ کردووە.