پریڤیوی یاریی پاریس سانجێرمان V ئینتەر میلان؛ دوا هەواڵ و پێكهاتەی پێشبینیكراو
پێکهاتەی پێشبینیکراو، دوا هەواڵ، ئەوەی پێویستە لەسەر یارییەکە بیزانیت

یاریگا –
ئەمشەو پاریس سانجێرمان و ئینتەر میلان لە یاریی كۆتایی چامپیۆنزلیگ رووبەڕووی یەک دەبنەوە.
وا بڕیارە ئەمڕۆ شەممە كاتژمێر 22:00 بە كاتی كوردستان پاریس سانجێرمانی فەڕەنسی و ئینتەر میلانی ئیتاڵی لە یاریگای ئالیانز ئارێنا لە میونشن رووبەڕووی یەک ببنەوە، لە میانی یاریی كۆتایی چامپیۆنزلیگ.
پرۆفایلی یاری

پاریس سانجێرمان ئامانجی ئەوەیە بۆ یەكەمجار لە مێژوویدا نازناوی چامپیۆنزلیگ بەدەستبهێنێت و ئینتەر میلانیش دەیەوێت بۆ چوارەم جار لە مێژوویدا نازناوەكە بباتەوە.
تیمەكەی سیمیۆنی ئینزاگی لە قۆناجی پێشكۆتاییدا بە ئەنجامی هەردوو یاریی هاتن و چوون 7-6 لە بارسێلۆنای بردەوە و خۆی گەیاندە یاریی كۆتایی.
لە بەرامبەردا پاریس سانجێرمان لە قۆناخی پێشكۆتاییدا بە ئەنجامی هەردوو یاریی هاتن و چوون 3-1 لە ئارسیناڵی بردەوە و خۆی گەیاندە یاریی كۆتایی.
لەم وەرزەدا پاریس سانجێرمان توانیویەتی نازناوی لیگ وەن و جامی فەڕەنسا بباتەوە و ئینتەر میلانیش لە كۆتا هەفتەدا نازناوی سكۆدێتۆی لەدەستدا و لە یاریی كۆتایی جامی ئیتاڵیاش شكستیهێنا.
هەواڵی پێكانی یاریزانەكان
لویس ئێنریكێ بۆ یاریی كۆتایی چامپیۆنزلیگ تەنیا لە تواناكانی پرێسنێل كیمپێمبێ بێبەش دەبێت.
سیمیۆنی ئینزاگیش بە بێ ڤالێنتین كاربۆنی و زێلینسكی رووبەرووی پاریس دەبێتەوە.
زانیاری یاری
یارییەكەی ئەمشەو یەكەم رووبەرووبوونەوەی نێوان پاریس سانجێرمان و ئینتەر میلانە، هەروەها دووەم یاریی كۆتایی چامپیۆنزلیگە لە نێوان یانەیەكی ئیتاڵی و یانەیەكی فەڕەنسی.
ئینتەر میلان شەش جار گەیشتووەتە یاریی كۆتایی چامپیۆنزلیگ و سێ جار نازناوەكەی بەدەستهێناوە و سێ یاریی كۆتاییشی دۆڕاندووە.
پاریس سانجێرمان تەنیا یەک جار گەیشتووەتە یاریی كۆتایی و ئەو یارییەش بەرامبەر بایرن میونشن شكستیهێنا.
یارییەكەی ئەمشەو پێنجەم یاریی كۆتاییە كە لە میونشن بەڕێوە بچێت و براوەی هەر چوار جارەكەی پێشتر بۆ یەكەمجار نازناوەكەیان بردەوە.
پاریس سانجێرمان لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا زۆرترین یاریی بردووەتەوە (10 یاریی) و زۆرترین گۆڵیكردووە ( 33 گۆڵ ).
پێکهاتەی پێشبینیکراوی پاریس سانجێرمان
دۆناروما
حەكیمی، ماركینیۆس، پاچۆ، مێندێس
ڤیتینیا، فابیان، نێڤێش
كڤارا، دێمبێلێ، دۆوی
پێکهاتەی پێشبینیکراوی ئینتەر میلان
سۆمەر
بیسێک، ئاچێربی، باستۆنی
دومفریس، بارێلا، چالهانئۆغلۆ، میختاریان، دی ماركۆ
لاوتارۆ، تورام