ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

دوایین پەرەسەندن؛ راهێنەری ئیسپانیۆل باسی گواستنەوەی یاریزانێکی بۆ بارسێلۆنا دەکات

''لە بڕینەوەی هەردوو دەستم نزیکدەبم!''

Yariga App

یاریگا –

بارسێلۆنا لە گواستنەوەی ئامانجێکی سەرەکی مێرکاتۆی هاوینە نزیکە.

لە سەرەتای ئەم مانگەوە، بارسێلۆنا هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی گۆڵپارێزێک چڕکردەوە، ئەمەش لەسەر داواکاری دێکۆ، بەڕێوەبەری وەرزشی و هانزی فلیک، راهێنەری یانەکە.

خوان گارسیا، گۆڵپارێزی ئیسپانیۆل ئامانجی سەرەکی بارسایە، هەرچەندە مانچێستەر سیتیش بە توندی لە کێبڕکێیەکاندا بەشدارە، بەڵام هەردوو یانەکە هیچ شتێکیان یەکلایی نەکردووەتەوە.

مانۆلۆ، راهێنەری ئیسپانیۆل بۆ یەکەمجار باسی داهاتووی گارسیای کرد و پێدەچێت لە مانەوەی بێهیوا بووبێت؛

لەوانەیە ئیسپانیۆل گارسیا بە بارسێلۆنا فرۆشتبێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ شتێکیان بە من رانەگەیاندووە. لەڕووی کەسییەوە، گومانم لە پەیوەندیکردنی گارسیا بە بارسێلۆنا هەیە، بەڵام ئەگەر پەیوەندیکرد، ناڵێم دەستەکانم دەبڕم، بەڵام زۆر لەو رووداوە نزیکدەبم!

راهێنەری ئیسپانیۆل باسی جۆری پەیوەندییەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا کرد و بۆ یەکەمجار نهێنییەکی درکاند؛

راستییەکە ئەوەیە، هەرگیز بارسێلۆنام خۆشنەویستووە، تەنانەت کاتێک دەرفەتی پەیوەندیکردنم بە تیمی ئەکادیمیای یانەکە هەبوو.

پاشخانی کەیسی گواستنەوەی گارسیا چین؟

سێشەممەی رابردوو، گارسیا بۆ یەکەمجار لەبارەی داهاتووی خۆی قسەی بۆ میدیاکان کرد؛

زۆر ئارامم، بۆ ئەوەی راستگۆبم لەگەڵ ئێوە، راستە باسی زۆر بابەت دەکرێت، بەڵام ئێستا زۆر ئارامم و ماوەیەکی کورتە یارییەکانی وەرزمان تەواو کردووە

دەمەوێت کەمێک پشووبدەم و لەگەڵ دۆست و ماڵباتەکەم بم، دوای قسەکردن لەگەڵ کەسانی نزیکی خۆم، باشترین بڕیار دەدەین. هەندێک بابەت هەیە تەنیا بە منەوە پەیوەست نییە.

لەم ساتەدا یاریزانی ئیسپانیۆلم، ئەگەر ئۆفەرێکم پێشکەشبکرێت و بەدڵی یانەکە بێت، ئەوا بەلای منەوە ئاساییە و گفتوگۆی لەسەر دەکەین. هیچ وادەیەکی دیاریکراوم بۆ کۆتا بڕیار نییە.


سەرەتای ئەم هەفتەیە، دەنگۆی نزیکبوونەوەی گارسیا لە مانچێستەر سیتی بڵاوبووەوە، لەگەڵ پەرەسەندنی دەنگۆیەکە، دەستبەجێ رۆژنامەکانی کاتالوونیا، گرنگیپێدانی بارسای بە بارت ڤێربروخن، گۆڵپارێزی برایتنیان بڵاوکردەوە.

بەهای ڤێربروخن لە بۆرسەی یاریزانان 25 ملیۆن یۆرۆیە و باڵای 194 سانتیمەترە، ئەو گۆڵپارێزە 22 ساڵانە لە وەرزی رابردوودا لە پرێمەرلیگ لە 36 یاریدا 7 کلین شیتی تۆمارکرد و 58 گۆڵی لێکرا.

ڤێربروخن تاوەکو هاوینی 2028 گرێبەستی لەگەڵ برایتن هەیە و هاوینی 2023 بەرامبەر 20 ملیۆن یۆرۆ لە ئاندێرلخەتی بەلجیکییەوە پەیوەندی بە ریزەکانی یانە ئینگلیزییەکە کرد.


گارسیا یەکێکە لە باشترین گۆڵپارێزەکانی ئێستای ئیسپانیا، لەم وەرزەی لالیگا خاوەنی زۆرترین بەرپەرچدانەوە بوو لە خولەکە، 146 جار بەرپەرچی هێرشەکانی دایەوە و یەکێک بوو لە هۆکارە کاریگەرەکان بۆ مانەوەی ئیسپانیۆل لە ریزی یانە پلە یەکەکان.

پێشتر رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ ئاشکرایکردبوو، جگە لە بارسێلۆنا هەریەکە لە یانەکانی ئارسیناڵ، ئاستۆن ڤیلا، بۆرنمۆس، بایەر لیڤەرکوزن ئۆفەریان پێشکەشی خوان گارسیا کردووە و دەیانەوێت گۆڵپارێزەکە بگوازنەوە ریزەکانیان، کە تاوەکو هاوینی 2028 گرێبەستی لەگەڵ ئیسپانیۆل هەیە.

بابەتی زیاتر

Back to top button