گۆڵپارێزە ئەڵمانیەکە بیر لە جێهێشتنی بارسا ناکاتەوە

یاریگا –
مارک ئەندرێ تێر شتیگن، گۆڵپارێزی ئەڵمانی بارسێلۆنا بە یانەکەی راگەیاندووە، نایەوێت بارسێلۆنا جێبهێڵێت.
تێرشتیگن، گرێبەستی لەگەڵ بارسیلۆنا تا ساڵی 2028 درێژکرایەوە و مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی 500 ملیۆن یۆرۆیە، بەڵام لەم دواییانەدا دۆخی گۆڵپارێزە ئەڵمانییەکە لە یانەکەدا بەهۆی کۆمەڵێک هۆکارەوە گومانی لەسەر دروستبووە.
یەکێک لەو هۆکارانە هاتنی چێزنی بۆ پێکهاتەی سەرەکی بارسێلۆنا بوو دوای پێکانی تێر شتیگن. چێزنی لە یارییەکانی ئەم دواییە ئاستێکی بەرزی پێشکەش کردووە و ئێستا گۆڵپارێزی یەکەمی تیپەکەیە. ئەم گۆڕانکارییە بووەتە هەڕەشەیەک بۆ پێگەی تێر شتیگن لە پێکهاتەی سەرەکیدا.
جگە لەوەش بارسێلۆنا لە گفتوگۆدایە لەگەڵ خوان گارسیای گۆڵپارێزی ئیسپانیۆل بۆ بەهێزکردنی پۆستی گۆڵپارێز لە یانەکەیدا. ئەگەر لە گواستنەوەی گارسیا سەرکەوتوو بوون، ئەوا کێبڕکێ لەسەر ئەو پۆستە زیاتر دەبێت و رەنگە تێر شتیگن رووبەڕووی ئاستەنگی زیاتر ببێتەوە.
بەڵام تێر شتیگن بەردەوامە لە دەربڕینی خواستی خۆی بۆ مانەوە لە یانەکە و خۆشحاڵیی خۆی لە ژیانی ئەو شارە و یانەکەی دەربڕیوە. لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بەوەکرد، مانەوە لە بارسێلۆنا باشترین بڕیارە بۆ من و خێزانەکەم.
لە کۆتاییدا پێگەی تێر شتیگن لە بارسا بەندە بە بڕیارەکانی داهاتووی یانەکە و ئاستی ئەم گۆڵپارێزە لە مەشق و یارییەکان.