نەسڕ هەڵوێستی کۆتایی خۆی لەسەر چارەنووسی رۆناڵدۆ ئاشکرا دەکات
فێرناندۆ هیێرۆ، بەڕێوەبەری وەرزشی یانە سعوودییەکە تەواوی وردەکارییەکانی کەیسی رۆناڵدۆی ئاشکرا کرد

یاریگا –
فێرناندۆ هیێرۆ، بەڕێوەبەری وەرزشی یانەی نەسڕی سعوودیە لە پرێس کۆنفڕانسێکدا، پەنجەی لەسەر برینەکانی یانە سعوودییەکەی دانا.
دوای مشتومڕی زۆر لەبارەی چارەنووسی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی یەکەمی یانەکە، هیێرۆ داوای سازدانی پرێس کۆنفڕانسێکی کرد و دووپاتیکردەوە؛
گرێبەستی رۆناڵدۆ لە 30ی مانگی داهاتوو بەسەردەچێت و ئێستا بەرپرسانی باڵای یانەکە خەریکی گفتوگۆن بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی.
کریستیانۆ پڕۆژەی دەوڵەتی سعوودیەیە لە نێو یانەی نەسڕ، مامەڵەی پڕۆژەیەکی گەورە لەگەڵ رۆناڵدۆ دەکرێت، چونکە رۆناڵدۆ یارمەتی وڵاتەکە و یانەکەیداوە، گواستنەوەی ئەستێرەی گەورەی ئاسانکردووە.
دەنگۆکانی گواستنەوەی بۆ دەرەوەی نەسڕ زۆرن، ناوی بە 30 یانە بەستراوەتەوە، بەڵام راستییەکە ئەوەیە، تاوەکو ئێستا یاریزانی نەسڕە و لە نزیککردنەوەی گرێبەستەکەی نزیکین.
بوونی کریستیانۆ رۆناڵدۆ پڕۆژەی سعوودیەیە. زۆر یارمەتی خوولەکەیداوە و دەرگای گواستنەوەی بۆ چەندین ئەستێرەکردووە،
گواستنەوەی ئەستێرەکانی جیهان بۆ سعوودیە بەهۆی رۆناڵدۆ ئاسان بووە.
لەلایەکی دیکەوە، هیێرۆ جەختی لە ستراتیژییەتی دوورمەودای یانەکەی کردەوە و رایگەیاند، هەموو هەوڵێک بۆ راستەڕێکردنەوەی رێڕەوی یانەکە دەدەن.
دوای تەواوبوونی یارییەکانی ئەم وەرزە، وەکو ئەرکی سەرەکی خۆم، هەڵسەنگاندن بۆ تەواوی ئاستی یانەکە دەکەم. ئەرکێکی قورسم لەپێشە و دەبێ زۆر خۆمان بۆ گەڕانەوە بۆ سەر رێچکەی دروست ماندوو بکەین.
دەمانەوێت نەسڕ بگەڕێنینەوە شوێنی ئاسایی خۆی، پێویستیمان بەکاتە و ناکرێ لە شەو و رۆژێکدا هەموو شتێک بگۆڕێین.
هیێرۆ روونیکردەوە، لەگەڵ دەستەی کارگێڕی یانەکە رێککەوتوون، بەچڕی کار لەسەر تیمەکانی ئاستە جیاوازەکانی تەمەن بکەن؛
حەزم لە بەرەوپێشبردنی تیمی ئاستەکانی تەمەنە، بەڵام دەبێ کاتێکی زیاتر بەخۆمان بدەین، تاوەکو دەگەینە ئەنجامەکە. خەریکی گەڕانین بەدوای دەستەیەکی راهێنەرایەتی بۆ تیمی ژێر 21 ساڵان، تاوەکو زۆرترین وەبەرهێنان لە یاریزانانی سعوودی بکەین، بۆ ئەوەی بەهرەمەندی گەورە دروستبکەین.
لە داهاتووێکی نزیکدا، نەسڕ دەبێتە خاوەن راهێنەر و یاریزانی سعوودی ئاست بەرز، ئەمەش یەکێکە لە پلانە ستراتیجییەکانی یانەکە.
البث المباشر | المؤتمر الصحفي للمدير الرياضي لشركة نادي النصر فيرناندو هييرو 🎙️ https://t.co/JD3GMGvQF8
— نادي النصر السعودي (@AlNassrFC) May 29, 2025
ئەمڕۆ پێنجشەممە،ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری بەرپرسێکی باڵای سندووقی وەبەرهێنانی سعوودیە بڵاویکردەوە، بەرپرسانی باڵای وڵاتەکە خەریکی رازیکردنی رۆناڵدۆ بوون تاوەکو لە خولی رۆشن بمێنێتەوە.
دوای تەواوبوونی یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی رۆشنی سعوودیە، رۆناڵدۆ لە پۆستێکدا، بە شێوەیەکی نافەرمی ماڵئاوایی لە نەسڕ کرد و مشتومڕێکی زۆری دروستکردووە.
View this post on Instagram
رۆناڵدۆ لە هەژمارەکەی لە پلاتفۆڕمی ئینستاگرام کە خاوەنی 654 ملیۆن فۆڵۆوەرسە وێنەیەکی خۆی بە درێسی نەسڕ بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی؛
ئەم بەشە کۆتاییهات. چیرۆکەکە؟ تاوەکو ئێستا دەنووسرێتەوە و سوپاسی هەمووان دەکەم.
هەفتەی رابردوو ئینفانتینۆ لە پرێس کۆنفڕانسێکیدا باسی بوونی ئەگەرێکی گەورەی بەشداریکردنی لیۆنێل مێسی و رۆناڵدۆی لە مۆندیالی یانەکان کرد؛
لەوانەیە رۆناڵدۆ وەکو مێسی بەشداری مۆندیالی یانەکان بکات.
گفتوگۆ لەگەڵ چەند یانەیەک کراوە، لەوانەیە چەند یانەیەک ئامادەبن بۆ مۆندیالی یانەکان گرێبەست لەگەڵ رۆناڵدۆ بکەن، کێ دەزانێت چی روودەدات!.
بۆ پێدانی دەرفەتی نوێکردنەوەی تیمەکان، فیفا دەرگای پێشوەختەی گواستنەوەکان بۆ ماوەی 10 رۆژ لە 1ی یۆنیۆ/حوزەیران تاوەکو 10ی هەمان مانگ دەکاتەوە، بۆ ئەوەی یانەکانی بەشداری لە مۆندیالی یانەکان بتوانن یاریزانی نوێ بگوازنەوە.
رۆناڵدۆ بە 25 گۆڵ بووە گۆڵکاری وەرزی خولی سعوودی و دووشەممەی رابردوو دوا یاریی وەرزی بەرامبەر فەتح کرد و 3-2 سەرکەوتن.
رۆناڵدۆ لە یەنایەر/کانوونی دووەمی ساڵی 2022 بەبڕی 200 ملیۆن یۆرۆ گرێبەستێکی بۆ ماوەی دوو ساڵ و نیو لەگەڵ نەسڕ واژۆکرد.
بابەتی پەیوەندیدار