ئیسپانیاگرنگترین

بەراوردێکی تەواو لە یەکەم وەرزی کریستیانۆ و ئێمباپێ لە ریال مەدرید؛ کێ سەرکەوتووتر بوو؟

Yariga App

یاریگا –

کیلیان ئێمباپێ، لە یەکەم وەرزیدا لە ریال مەدرید درەوشایەوە و ئاستێکی نایابی پێشکەش کرد، ئەمەش وایکرد زۆر کەس لەگەڵ یەکەم وەرزی کریستیانۆ لە ریال مەدرید بەراوردی بکەن.

رۆناڵدۆ لە ساڵی 2009 لە مانچێستەر یونایتدەوە پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە کرد و لەو کاتەوە مێژووی نووسیەوە؛ بردنەوەی پێنج باڵۆن دۆر، بوون بە گۆڵکاری هەموو کاتەکانی یانەکە، بردنەوەی سێ چامپیۆنزلیگ لەسەریەک و شکاندنی نزیکەی هەموو ژمارەیەکی پێوانەیی.

دوای پانزە ساڵ، ئێمباپێ گەیشتە پایتەختی ئیسپانیا بۆ ئەوەی شوێنپێی ئەفسانەی منداڵی خۆی بگرێتە بەر. هەرچەندە هێشتا رێگەیەکی دووری ماوە بۆ یەکسانکردنەوەی ئامارەکانی رۆناڵدۆ، بەڵام وەرزی یەکەمی ئەوەندە سەرنجڕاکێش بوو کە دەکرێت بەراوردی ئەستێرە پۆرتوگالییەکە بکرێت.

ئاماری یەکەم وەرزی رۆناڵدۆ و ئێمباپێ لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان لەگەڵ ریال مەدرید بەم شێوەیە بووە:

کریستیانۆ، 35 یاریی، 33 گۆڵ و 10 ئەسیست.

ئێمباپێ: 56 یاریی، 43 گۆڵ و 5 ئەسیست.

ئێمباپێ بە تۆمارکردنی 43 گۆڵ ئاماری دۆنی تێپەڕاندووە تێپەڕاندووە و لە یەکەم وەرزیدا 10 گۆڵ زیاترە. بەڵام ئەستێرە فەرەنسییەکە 21 یاری زیاتری کردووە و هەلی گۆڵکردنی زیاتری هەبووە.

لەبەرامبەردا کاپتنی پۆرتوگال پێنج ئەسیست زیاتری هەبووە و بە کۆی گشتی 43 بەشداری گۆڵی لە 35 یاریدا هەبووە. پێدەچێت ئیمباپێ بە بەشداریکردنی 48 گۆڵ پێش نمونە باڵاکەی کەوتبێتەوە، بەڵام پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە پێویستی بە 56 یاری هەبوو بۆ ئەوەی بگاتە ئەو ژمارەیە.

هەردوو یاریزانەکە وەرزی یەکەمیان وەکو گۆڵکاری تیپەکە تەواو کرد. هەروەها ئێمباپێ تاکە یاریزانە لە مێژووی ریال مەدرید لەگەڵ کەریم بێنزێما کە لە شەش پاڵەوانێتی جیاوازدا گۆڵی تۆمارکردبێت، ئەمەش ئامارێکە کە رۆناڵدۆ لە ماوەی مانەوەی لە یانەکەدا هەرگیز نەیتوانی بەدەستی بهێنێت.

ئاماری لالیگا لە یەکەم وەرزیاندا:

کریستیانۆ : 29 یاریی، 26 گۆل و 9 ئەسیست.

کیلیان: 34 یاریی، 31 گۆڵ 3 ئەسیست.

ئێمباپێ لە لالیگا 31 گۆڵی تۆمارکرد، رۆناڵدۆش 26 گۆڵ، پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە رۆناڵدۆ نزیکەی دوو مانگ بەهۆی پێکانەوە لە پاژنەی پێیدا لە یاریگاکان دوورکەوتەوە.

بەڵام رۆناڵدۆ بە بەشداریکردنی 35 گۆڵ کۆتایی بە وەرزی یەکەمی لالیگا هێنا، یەک گۆڵ زیاتر بوو لە ئێمباپێ کە 34 بەشداری گۆڵی هەبوو، رۆناڵدۆ هەلی بۆ هاوڕێکانی دروستکرد تەنانەت کاتێک گۆڵی نەدکرد، لەکاتێکدا ئێمباپێ تەنها سێ ئەسیستی لە لالیگا هەبوو و زیاتر سەرنجی لەسەر گۆڵکردن بوو.

ئاماری خولی یانە پاڵەوانانی ئەوڕوپا:

کریستیانۆ: 6 یاریی، 7 گۆڵ 1 ئەسیست

ئێمباپێ : 14 یاریی، 7 گۆل و 1 ئەسیست

بێگومان رۆناڵدۆ باشترین یاریزانی مێژووی چامپیۆنزلیگە و لە یەکەم وەرزیدا ئەنجامی باشتری هەبوو. لە شەش یاریدا حەوت گۆڵی تۆمارکرد. ریال مەدرید لەو وەرزەدا لە قۆناخی 16 لەلایەن لیۆنەوە دەرکرا، رۆناڵدۆ تاکە گۆڵی یانەکەی لەو یارییەدا تۆمار کرد.

دۆن لە وەرزی یەکەمی لەگەڵ ریال مەدرید هیچ جامێکی نەبردەوە، هەروەها هیچ نازناوێکی تاکەکەسیشی بەدەست نەهێنا، بەڵام ئێمباپێ نازناوی جامی سوپەری ئەوروپا و جامی کیشوەرەکانی بەدەستهێنا و لە هەردوو یاری کۆتاییدا گۆڵی تۆمارکرد. هەروەها خەڵاتی پێڵاوی زێڕینی ئەوروپی و گۆڵکاری لالیگاشی بەدەستهێنا بەهۆی 31 گۆڵی لالیگا و بووە چوارەم یاریزان لە مێژووی ریال مەدریددا کە لە یەکەم وەرزیدا ئەو خەڵاتە بەدەستبهێنێت، دوای ئەلفرێدۆ دی ستیفانۆ و هوگۆ سانچێز و رود ڤان نیستێلرۆی.

هەروەها ئێمباپێ ژمارەی پێوانەیی تۆمارکردنی گۆڵەکانی لە وەرزی یەکەمدا شکاند کە پێشتر لە دەستی ئیڤان زامۆرانۆ بوو. لە مێژووی ریال مەدریددا هیچ یاریزانێک لە وەرزی یەکەمدا هێندەی ئێمباپێ گۆڵی تۆمار نەکردووە کە 43 گۆڵ بوو.

بە گشتی وەرزی یەکەمی ئێمباپێ لە ریال مەدرید باشتر بوو لە یەکەم وەرزی کریستیانۆ. ئێستا فشارەکان لەسەر ئەستێرە فەرەنسییەکە زیاترە بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو تیپەکە بەرەو نازناوی گەورە ببات.

بابەتی زیاتر

Back to top button