
یاریگا –
دوای یەکسان بوونەکەیان بەرامبەر نەفتی میسان، راهێنەری دهۆک لە ئەنجامی یارییەکە رازی نیە بەڵام دڵخۆشە بە ئاستی یاریزانەکانی.
لە یارییەکی دواخراوی گەڕی 23ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، دهۆک دوو خاڵی گرنگی لە دەستدا و لە یاریگای خۆی بەبێ گۆڵ لەگەڵ نەفتی میسان یەکسان بوو، راهێنەری دهۆک دوای یارییەکە گوتی لە ئەنجامی یارییەکە رازی نیم و دەکرا سێ خاڵ بەدەست بهێنین.
ئەمیر ئەزرەفشان راهێنەری دهۆک کە یەکەم یاریی بوو لەگەڵ یانەکە دوای کۆتایی هاتنی یارییەکە گوتی:
دوو خاڵی گرنگمان لە دەستدا کە دەکرا لە ریزبەندیەکە پێگەمان بەهێزتر بکەین، بە تەواوی کۆنتڕۆڵی یاریگامان کردبوو بەڵام هەلی زۆرمان فەوتاند، رازی نەبووم لە ئەنجامی یارییەکە بەڵام دڵخۆش بووم بە ئاستی یاریزانەکانم چونکە دەتوانین لە داهاتوودا ئەنجامی باشتر بەدەست بهێنین.
هاڕوون ئەحمەد ئەستێرەی ناوەڕاستی دهۆک دەربارەی ئەنجام و ئاستی تیپەکەی دوای یارییەکە رایگەیاند:
داوای لێبوردن لە هاندەرانمان دەکەین کە نەمانتوانی سەرکەوین، لەم یارییە دوو خاڵمان پێکا، یەکەم دوای ئەوەی حەوت گۆڵمان لێکرا لە دوو یاریی رابردوو ئەمڕۆ باوەڕ بەخۆبوونمان بۆ گەڕایەوە و ئاستێکی باشمان پێشکەشکرد، دووەم چەند جارێک گەیشتینە گۆڵی تیپی بەرامبەر کە ئەمە پێچەوانەی دوو یاریی رابردوو بوو.
بەم یەکسان بوونە دهۆک بە 52 خاڵ هاتە ریزبەندی شەشەم لە 31 یارییدا، لە سەرەتای مانگی داهاتووش لە یارییەکی دیکەی دواخراودا لە دەرەوەی یاریگای خۆی رووبەڕووی دیالا دەبێتەوە.