
یاریگا –
بەفەرمی ئالڤارۆ ئاربێلوا وەک راهێنەری نوێی ریال مەدرید کاستیا دەستنیشانکرا.
دوێنێ سێشەممە بەفەرمی راوول گۆنزالێز دەستی لە راهێنەرایەتی تیپی لاوانی یانەکەیان کێشایەوە، کە لەوەتەی وەرزی 2018/2019 راهێنەرایەتی تیپە جیاوازەکانی یانە مەدریدییەکەی کردووە.
ماڵپەڕی فەرمی ریال مەدرید بڵاویکردووتەوە، ئالڤارۆ ئاربێلوا وەک شوێنگراوەی راوول دەستنیشانکراوە و لە وەرزی نوێ دەبێتە راهێنەری کاستیا.
Comunicado Oficial: Arbeloa.
— Real Madrid C.F. (@realmadrid) May 28, 2025
ئاربێلوا لە هاوینی 2020 تاوەکو ئێستا وەک راهێنەری تیپی لاوان و تیپی ژێر 19 ساڵانی یانەکەی کاری کردووە.
لە وەرزی 2020/2021 نازناوی خولی لەگەڵ تیپی ژێر 14 ساڵان بەدەستهێناوە، هەروەها لە وەرزی لە وەرزی 2021/2022 نازناوی خولی لەگەڵ تیپی ژێر 16 ساڵان بەدەستهێناوە.
لە وەرزی 2022 تاوەکو 2025 سەرپەرشتی تیپی ژێر 19 ساڵانی کردووە، لە وەرزی 2022/2023 سیانە نازناوی لالیگا، چامپیۆنزلیگ و جامی شای ئیسپانیای لەگەڵ تیپەکە بەدەستهێنا.
دوای بەڕێکردنی شەش وەرز لەگەڵ تیپی دووەمی یانەکە، راوول گۆنزالێس رۆژێک دوای دەستبەکاربوونی چابی ئاڵۆنسۆ وازی لە راهێنەرایەتی ریال مەدرید کاستییا هێنا، پێدەچێت وەرزی داهاتوو ئەرکی راهێنەرایەتی تیپی یەکەمی یانەیەکی ئەوروپی بگرێتە دەست.
راوول (47 ساڵان) خاوەنی بڕوانامەی پرۆیە لە یوێفا و دوای وازهێنانی لە یاریکردن لەوەتەی ساڵی 2018 دەستی بە کاری راهێنەرایەتی کردووە و دەنگۆ هەیە لەم هاوینە ئەرکی راهێنەرایەتی یانەی شاڵکێی ئەڵمانی بگرێتە دەست، کە ئێستا شاڵکێ لە خولی پلە دووی ئەڵمانیا یاریی دەکات.