پێشهاتی نوێ؛ ئاتلێتیکۆ مەدرید داوای ئەستێرەی یەکەمی سێریا ئەی دەکات
گواستنەوەی ئەستێرەکە پەیوەستە بە چارەنووسی گریزۆ

یاریگا –
ئاتلێتیکۆ مەدرید هاوتەریب لەگەڵ ریال مەدرید و بارسێلۆنا، خەریکە پێکهاتەکەی تۆکمە دەکات.
ئاتلێتی خۆی یەکلاییکردووەتەوە و دەیەوێت بۆ وەرزەکانی داهاتوو بەتوندی کێبڕکێ لەسەر نازاوەکان بکات. یانە مەدریدییەکە چاوی بڕیوەتە کریستان رۆمێرۆ، بەرگریکاری تۆتنهام و لەلایەکی دیکەشەوە، خەریکی هەڵسەنگاندنی بژاردەی گواستنەوەی لاوتارۆ مارتینێز، ئەستێرەی ئینتەر میلانە.
ئاتلێتیکۆ مەدرید ئامادەیە یەکێک لە باشترین بەرگریکارانی پرێمەرلیگ بگوازێتەوە
پێگەی فیچاخێس بڵاویکردووەتەوە، لە ئەگەری چوونە دەرەوەی ئانتوان گریزمان لە ئاتلێتی، ئەوا ئێنریکێ سێریزۆ، سەرۆکی یانەکە بڕیاریداوە مارتینێز بگوازێتەوە و بیکاتە دووانەیەکی تۆقێنەر لەگەڵ خولیان ئالڤارێز.
مارتینێز ئامادەیە کاروانێکی نوێی وەرزشی لە دەرەوەی ئیتاڵیا دەستپێبکات و دەرفەتێکی بەهێز بۆ پەیوەندیکردنی بە ئاتلێتیکۆ هەیە.
چەند یانەیەکی ئەمریکی و سعوودی چاودێری دۆخی گریزمان دەکەن، لۆس ئانجلێسی ئەمریکی نیازی خۆی بۆ گواستنەوەی ئاشکراکردووە، بەڵام هیچ پەرەوپێشچوونێک رووی نەداوە.
بەگوێرەی پێگە ئیسپانییەکە، تاوەکو ئێستا هیچ گفتوگۆییەکی فەرمی لەبارەی داهاتووی گریزمان و لاوتارۆ نەکراوە، بەڵام حەزەکە هەیە و دیێگۆ سیمیۆنی بەتوندی پاڵپشتی ئەم گواستنەوەیە دەکات.