بۆمبی مێرکاتۆ؛ ریال مەدرید کار لەسەر گرێبەستی چوار یاریزان دەکات
گالاکتیکۆسێکی دیکە بەڕێوەیە...

یاریگا –
ریال مەدرید مێرکاتۆ دەهەژێنێت و کارێک دەکات کە لە 16 ساڵی رابردوودا نەیکردووە.
رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە ریال مەدرید مێرکاتۆی هاوینە دەهەژێنێت، کارێک دەکات کە دوایین جار کردی 16 ساڵ لەمەوبەر بوو ئەوکات گرێبەستی لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ، کەریم بێنزێما، ریکاردۆ کاکا، چابی ئاڵۆنسۆ، ئاربێلۆا و ئالبیۆل واژۆکرد.
ریال مەدرید تاوەکو ئێستا بەفەرمی گرێبەستی دین هاوسن، بەرگریکاری پێشووی بۆرنمسی بەفەرمی راگەیاندووە و گرێبەستی ئالێکساندەر ئاڕنۆڵدیشی یەکلاییکردووەتەوە، هەروەها لە گواستنەوەی ئالڤارۆ کارێراس بەرگریکاری بێنفیکای پۆرتوگالی نزیکبووەتەوە.

مارکا ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرجەم گرێبەستە نوێیەکان لەسەر راسپاردە و بە سەرپەرشتی چابی ئاڵۆنسۆ واژۆ دەکرێن، ئامانجی ئەمجارەی یانەکە گواستنەوەی ئانجێلۆ ستیڵەر، ناوەڕاستکاری ئەڵمانی یانەی شتوتگارتە.
ریال مەدرید بە رژی هەوڵ بۆ گواستنەوەی ناوەڕاستکارە ئەڵمانییەکە دەدات، کە تۆنی کروس، ستێڵەر بە بژاردەیەکی گونجاو بۆ هێڵی ناوەڕاستی ریال مەدرید دەزنێت و پێشنیازی کردووە گرێبەستی لەگەڵ واژۆ بکەن.
بەگوێرەی مارکا، دوای ئەوەی یەکشەممەی رابردوو لەکاتی ئاهەنگگێڕانی بەدەستهێنانی نازناوی جامی ئەڵمانیا، دەنیز ئونداڤ ئاماژەی بەوەکرد، کە ستێڵەر دەبێتە مەدریدی لەدوای ئەو رووداوە گرنگیپێدانی ریال مەدرید بە یاریزانەکە زۆر زیادی کردووە.

شیکارییە تەکتیکییەکانی یانەکە بڕوایان وایە پێویستە گرێبەست لەگەڵ ئەو یاریزانانە واژۆ بکەن کە ئەستێرەی گەورە نین، زیاتر بۆ یاریکردنی بەکۆمەڵ گونجاون و کواڵێتییەکی تەواویان هەیە. ئامانج لێی ئەوەیە وردە وردە لە یانەکە ببنە ئەستێرەی گەورە و ناچار نابن 100 ملیۆن یۆرۆ لەپێناو یاریزانێک خەرخ بکەن.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی مارکا، ریال مەدرید کار لەسەر گەڕاندنەوەی نیکۆ پاز، ناوەڕاستکاری کۆمۆ دەکات، گەڕانەوەی پاز پەیوەندی بە گرێبەستی ستێڵەر نابێت و یانەکە دەیەوێت لەم هاوینە هەردوو یاریزانەکە بگوازێتەوە.
هاوکات پێگەی کادینا کۆپێ ئاشکرایکردووە، ریال مەدرید لەم هەفتەیە بەفەرمی گرێبەستی ئالێکساندەر ئاڕنۆڵد و ئالڤارۆ کارێراس رادەگەیەنێت، دواتریش کار لەسەر گرێبەستی دوو یاریزانەکەی دیکە دەکات.
