
یاریگا –
لە چەند رۆژی رابردوودا هاشتاگی “#TerStegenOut” (تێرشتیگن بۆ دەرەوە) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لەنێو هاندەرانی بارسێلۆنادا زۆرترین جار بەکار هاتووە و سەرنجی بەرفراوانی لێکەوتووەتەوە.
هۆکاری سەرەکی ئەم شەپۆلە ناڕازییە بە خراپی ئاست و هەڵە زۆرەکانی مارک ئەندرێ تێر شتیگن، گۆڵپارێزی ئەڵمانی تیپەکە دادەنرێت. بەپێی هەواڵی میدیا وەرزشییەکان ئاستی تێر شتیگن لە یارییە چارەنووسسازەکەی بەرامبەر مۆناکۆ لە چامپیۆنزلیگ یەکێک بووە لە هۆکارە سەرەکییەکانی دەستپێکردنی ئەم هاشتاگە. لەم یارییەدا دوو گۆڵی لێکرا کە زۆرێک لە هاندەرانی پێیان وابوو دەکرا کۆنتڕۆل بکرێن، هەروەها هەڵەی تاکەکەسی زۆری هەبووە، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر ئاستی بەرگری تیپەکە هەبوو.
ئەمە یەکەمجار نییە کە تێر شتیگن ببێتە ئامانجی رەخنەی هاندەرانی بارسێلۆنا. جێگەی ئاماژەیە بارسێلۆنا لە ساڵی 2025 تەنیا لە یەک یارییدا تووشی شکست بوو ئەویش شتیگن لەم یارییەدا لە پێکهاتەدا بوو. جگە لەوەش لەم دواییانەدا تووشی پێکانێکی سەخت بوو لە ئەژنۆی راستیدا و نەشتەرگەری بۆکرا، ئەمەش وایکردووە هەندێک لە شارەزایان نیگەرانی خۆیان لەبارەی ئاستی گۆڵپارێزەکە دەرببڕن و ئێستا دوای گەڕانەوەی، رەخنە لە دابەزینی ئاستی و توانای سەیڤ کردنی تۆپەکانی لێدەکرێت.
لەلایەکی دیکەوە هەواڵەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بارسێلۆنا بیر لە بژاردەیەک دەکاتەوە بۆ جێگرتنەوەی گۆڵپارەزە ئەڵمانیەکە، پێدەچێت داهاتووی تێرشتیگن لە بارسێلۆنا لە هەموو کاتێک نادیارتر بێت.