دوایین پەرەسەندن؛ کێ لە گواستنەوەی ڤیرتز رکابەری لیڤەرپوول دەکات؟
بەڕێوەبەری وەرزشی پەرەسەندنی نوێ لە کەیسی ڤیرتز ئاشکرا دەکات

یاریگا –
پێدەچێت لە ماوەیەکی پێوانەییدا، لیڤەرپوول و بایەر لیڤەرکوزن لەسەر گواستنەوەی فلۆریان ڤیرتز رێکبکەون.
زیاتر لە دوو هەفتەیە، لیڤەرپوول هەوڵەکانی گواستنەوەی ڤیرتزی دەستپێکردووە، هەرچەندە لە قۆناخی یەکەمدا یاریزانە ئەڵمانییەکە لە پەیوەندیکردن بە بایرن میونشن نزیکبوو.
سیمۆن رۆڵفێس، بەڕێوەبەری وەرزشی یانە ئەڵمانییەکە لە پرێس کۆنفڕانسی ناساندنی ئێریک تێن هاخ، وەکو راهێنەری نوێی یانەکە، باسی داهاتووی ڤیرتزی کرد و دووپاتیکردەوە، لیڤەرپوول تاکە بژاردەی یاریزانەکەیە؛
لیڤەرپوول زۆر بە جیدی کار لەسەر گواستنەوەی ڤیرتز دەکات، بەڵام تاوەکو ئێستا یارەیزانی ئێمەیە و لەم قۆناخەدا هیچ شتێکی نوێ نییە باسی بکەم.
ڤیرتز، 22 ساڵ یەکێکە لە دیارترین بەهرەمەندانی ئەوروپا و لە ماوەی رابردوودا بۆ لە نزیکەوە دانیشتن لەگەڵ بەرپرسانی لیڤەرپوول، سەردانی شارەکەی کردووە و ماڵباتەکەی بە شارەکە سەرسامبوون.
فێرناندۆ کارۆ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری لیڤەرکوزن پێشتر رایگەیاندبوو، ئامادەنابن بە کەمتر لە 150 ملیۆن یۆرۆ دەستبەداری ڤیرتز ببن، بەمەش دەبێتە گرانترین یاریزانی مێژووی لیڤەرپوول و یەکێک لە گرانترینی مێژووی یارییەکە.
لە پرێس کۆنفڕانسەکەدا، پرسیاری ڤیرتز لە تێن هاخ کرا و راهێنەرە هۆڵەندییەکە گوتی؛
ڤیرتز یاریزانێکی سەرسووڕهێنەرە، لە چەند ساڵی رابردوودا سەیری بەرەوپێشچوونی ئاستەکەم کردووە، زۆر دڵخۆشم کە زۆر خۆی بەرەوپێش بردووە، بەڵام لە تۆپی پێ، ناتوانیت تاوەکو 1ی سێپتێمبەر/ئەیلوول هیچ شتێک یەکلاییبکەیتەوە و دەکرێ هەموو شتێک رووبدات.
ڤیرتز لە ساڵی 2020 لە کۆڵنەوە پەیوەندی بە لیڤەرکوزن کرد، رۆڵێکی سەرەکی لە بردنەوەی نازناوی بۆندسلیگای وەرزی 2023-24 گێڕا و خەڵاتی باشترین یاریزانی خوولەکەی بەدەستهێنا.