تۆتنهام گرێبەستێکی گرانبەها پێشکەشی هێرشبەرێکی چێڵسی دەکات

یاریگا –
تۆتنهام بەنیازە ئۆفەرێکی سەرنجڕاکێش پێشکەش بە کریستۆفەر ئێنکونکوی هێرشبەری چێڵسی بکات.
ئێنکۆنکۆ کە لە ساڵی 2023 پەیوەندی بە چێڵسیەوە کرد، نەیتوانی کاریگەرییەکی بەرچاو لەسەر تیپە نوێیەکەی دروست بکات. لە سەردەمی ئینزۆ مارێسکای راهێنەری چێڵسی، هێرشبەرە فەرەنسیەکە تەنیا 9 یاری لە پرێمەرلیگی کردووە، زۆرجار وەک هێرشبەری ناوەڕاست جێگیر دەکرێت، بەڵام ئاستێکی باشی پێشکەش نەکردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی فیچاخێس، تۆتنهام ئارەزووی گواستنەوەی ئەو یاریزانە دەکات و بەنیازە بە ئۆفەرێک کە خواستنێکی سەرەتایی لەخۆدەگرێت لەگەڵ بژاردەی کڕینی بە 45 ملیۆن یۆرۆ بیگوازێتەوە. دەکرێت ئەو ئۆفەرە بۆ چێڵسی سەرنجڕاکێش بێت، کە هەوڵدەدات یاریزانێک بفرۆشێت کە ئاستێکی وەک چاوەڕوانکراو پێشکەش نەکردبێت و دەیەوێت بەشێک لە وەبەرهێنانەکەی وەربگرێتەوە. بەڵام گواستنەوەی ئێنکونکو لە چێڵسییەوە بۆ تۆتنهام زۆر بەدوور دەزانرێت. ئەو دوو یانەیە رکابەری دێرینی لەندەنن و لە ساڵی 2009ەوە هیچ گواستنەوەیەکی گەورە لەنێوانیاندا نەکراوە، جگە لەوەش چێڵسی نرخێکی زۆری بۆ ئەو یاریزانە داناوە و داوای 70 ملیۆن یۆرۆی کردووە.
جگە لە تۆتنهام، تیپە گەورەکانی وەک یوڤێنتوس و نیوکاسڵ و بایرن میونشنیش ئارەزووی گواستنەوەی ئەم هێرشبەرە دەکەن و لەگەڵ چێڵسی گفتوگۆیان کردووە. ئەمەش وا دەکات ئەگەری رێککەوتن لەگەڵ تۆتنهام لەسەر گرێبەستەکە زۆر کەم بێت.