تەواو؛ بێڵینگهام پەیوەندی بە یانەیەکی بۆندسلیگا دەکات
کاروانێکی نوێ دەستپێدەکات

یاریگا –
جۆب بێڵینگهام خەریکە شوێنپێی براکەی دەکەوێت و کاروانی وەرزشی دەگوازێتەوە بۆندسلیگا.
بێڵینگهام یەکێکە لە دیارترین یاریزانانی سەندرلاند و یارمەتی یانەکەیدا، جارێکی دیکە بگەڕێتەوە پرێمەرلیگ.
تۆڕی هەواڵی سکای سپۆرتس بڵاویکردووەتەوە، ئێنتراخت فڕانکفورت خۆی بۆ گواستنەوەی بێڵینگهام یەکلاییکردووەتەوە و خەریکە لە کێبڕکێی گواستنەوەی لە بۆڕووسیا دۆرتموند و لایپزیگ دەباتەوە.
بێڵینگهام لە وەرزی رابردووی چامپیۆنشیپدا، چوار گۆڵ و سێ ئەسیستی لە 43 یاریدا هەبوو، بەڵام دوای تەوابوونی وەرزەکە، پێدەچێت واز لە یانەکە بهێنێت.
دۆرتموند زوو لەگەڵ نوێنەرنی یاریزانەکە کۆبووەوە و شاندێکی خۆی ناردە باکوور رۆژهەڵاتی ئینگلتەرا، بەڵام پێدەچێت هیچ رێککەوتنێک نەکرابێت.
سکای دۆچلاند دەڵێت؛ هانس یواخیم ڤاتزکێ، بەڕێوەبەری وەرزشی دۆرتموند، سەرۆکایەتی شاندی یانەکەی کرد و لە سەندرلاند لەگەڵ یاریزانەکە و ماڵباتەکەی کۆبووەوە، تاوەکو واژۆکەی بەدەستبهێنێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ شتێکی فەرمی رووینەداوە.