ئیسپانیائینگلتەرا

ئانتۆنی بە گریانەوە باسی کاتە سەختەکانی لە مانچێستەر یونایتد دەکات

Yariga App

یاریگا –

ئانتۆنی، ئەستێرەی بەرازیلی کە زستانی رابردوو بە خواستن بۆ ماوەی شەش مانگ لە مانچێستەر یونایتد پەیوەندی بە ریال بێتیسەوە کرد، لە چاوپێکەوتنێکیدا بە گریانەوە باسی کاتە سەختەکانی لە یانە ئیگلیزییەکە کرد.

ئانتۆنی لە چاوپێکەوتنەکەیدا ئاشکرای کرد، کە لە ماوەی رۆژانی لە مانچێستەر یونایتد تەنانەت نەیتوانیوە لەگەڵ کوڕەکەی یاری بکات و هەندێک رۆژیش بەشی پێویست نەیتوانیەوە خواردن بخوات.

ئانتۆنی تەمەن 25 ساڵ لە دوای گواستنەوەی بۆ بیتس ئاستێکی سەرنجڕاکێشی نیشانداوە و لە 24 یاری لالیگا و یۆرۆپا لیگدا 8 گۆڵی تۆمارکردووە؛ بابەتێک کە سەرنجی یانەکانی وەک ئاتلەتیکۆ مەدریدیشی بۆ لای خۆی راکێشاوە.

ئانتۆنی لە مانگی ئەیلولی 2022 لە ئەیاکسەوە بە نزیکەی 86 ملیۆن پاوەند پەیوەندی بە شەیتانە سوورەکانەوە کرد، لە 96 یاریدا تەنیا 12 گۆڵی تۆمارکرد و پێنج ئەسیستیشی هەبوو، ئەمەش رەخنەی زۆری لێکەوتووەتەوە. ئێستا باس لە تاریکترین رۆژەکانی کاتەکانی لە یونایتد دەکات و دەڵێت:

هاتنم بۆ بێتیس هەموو شتێکی بۆ من گۆڕی، ناچار بووم جارێکی تر خۆم بدۆزمەوە، چونکە لە ژیانی تایبەتی خۆمدا رووبەڕووی چەندین کێشە بوومەوە، هەستم بە دڵخۆشی نەدەکرد و ئارەزووی تۆپی پێم کاڵ بووبووەوە، بە براکەمم گوت کە ئیتر بەرگەی ئەوە ناگرم و تەنانەت ناتوانم لەگەڵ کوڕەکەم یاری بکەم.

لە بەشێکی تری چاوپێکەوتنەکەدا، وێڕای هاتنە خوارەوە فرمێسکەکانی گوتی:

رۆژانێک هەبوو لە ژوورەکەمدا دەمامەوە، نانم نەدەخوارد و هیچ پاڵنەرێکم نەبوو، بەڵام سوپاس بۆ خوا، بە پاڵپشتی خێزانەکەم و یارمەتی خودا توانیم لەسەر پێی خۆم بوەستمەوە و ئێستا لێرە لە بێتیس زۆر دڵخۆشم”.

ریال بێتیس دەیەوێت ئەم هێرشبەرە لە یانەکەی بیهێڵێتەوە بەڵام رووبەڕووی رکابەرێکی وەک ئاتلێتیکۆ مەدرید دەبێتەوە، یونایتد چاوی لەوەیە نزیکەی 30-35 ملیۆن پاوەند بۆ ئەو یاریزانە بەڕازیلییە وەربگرێتەوە. هەروەها یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵیش ئارەزووی گواستنەوە ئەستێرە بەڕازیلیەکە دەکات.

ئەنتۆنی لەگەڵ بێتیس 9 گۆڵ و 5 ئەسیستی کردووە و رۆڵی سەرەکی هەبووە بۆ ئەوەی بتوانن بگەنە یاری کۆتایی کۆنفرانس لیگ، کە لە یاریگای ورۆکلاو رووبەڕووی چێڵسی دەبێتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button