کریستیانۆ دەتوانێت ئەم هەفتەیە گرێ کوێرەی ئامارێکی کاروانی وەرزشی خۆی بکاتەوە؟

یاریگا –
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پورتوگالی و کاپتنی یانەی نەسڕ، تەنیا 90 خولەکی ماوە بۆ تۆمارکردنی ژمارەیەکی پێوانەیی نوێ لە سەردەمی کاروانی وەرزشی پیشەگەرانەی خۆیدا.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ دووەم وەرزی لەسەریەک لە لێواری بەدەستهێنانی نازناوی گۆڵکاری خولی رۆشنی سعودیە دایە؛ وەرزی رابردوو بە تۆمارکردنی 35 گۆڵ گۆڵکاری خولەکە بوو، ئێستاش بە تۆمارکردنی 24 گۆڵ لە پێشەنگی ریزبەندی گۆڵکاراندایە. بێگومان ئیڤان تۆنی یاریزانی ئەهلی بە 22 گۆڵ و کەریم بێنزێمای ئیتیحادی بە 21 گۆڵ و عەبدولڕەزاق حەمدەڵای مەغریبی بە 21 گۆڵ بە جیاوازییەکی کەم لە دوای ئەوەوەن.
ئەگەر رۆناڵدۆ لە هەفتەی کۆتاییدا بتوانێت پێشەنگی خۆی بپارێزێت، ئەوا دەبێتە گۆڵکاری سعودیە بو دووەم وەرز لەسەریەک؛ شتێک کە لە ئینگلتەرا لەگەڵ مانچێستەر یونایتد و لە ئیتاڵیا لەگەڵ یۆڤێنتوس نەیتوانی بەدەستی بهێنێت.
بەڵام سەرەڕای شکستەکانی نەسر لەم وەرزەدا لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان، پێدەچێت رۆناڵدۆ لەسەر رێڕەوی خۆی بێت بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتێکی تاکەکەسی دیکە، ئەمەش سەلماندنی بەردەوامی درەوشاوەیی و گۆڵ تۆمارکردنی، لە وەرزێکدا کە تیپەکەی رووبەڕووی چەندین ئاستەنگ بووەوە، وەک نەبردنەوەی خولەکە و دوورکەوتنەوە لە جامی سعوودیە و بەدەستنەهێنانی پشکی چامپیۆنزلیگی ئاسیا.
رۆناڵدۆ پێشتر لە وەرزی 2007-2008 بە تۆمارکردنی 31 گۆڵ گۆڵکاری پرێمەرلیگ بووە و لە خولی ئیتاڵیاش لە وەرزی 2020-2021 بە تۆمارکردنی 29 گۆڵ، بەڵام لە لالیگا، لەگەڵ ریال مەدرید، سێ جار گۆڵکاری خولی بەدەستهێناوە، لە ساڵی 2011 (40 گۆڵ)، 2014 (31 گۆڵ) و 2015 (48 گۆڵ).
ئێستا کە تەنیا 90 خولەک ماوە لە خولی سعودیە، رۆناڵدۆ دەرفەتی ئەوەی هەیە کە ئاستی تاکەکەسی درەوشاوەی خۆی لە سعودیە بە شکۆمەندییەکی نوێ کۆتایی پێبهێنێت. وەرزێک کە هەرچەندە بۆ تیپەکە “ڵێڵ” بوو، بەڵام بۆ ئەم سوپەرستارە پورتوگالییە بە “درەوشاوە” دادەنرا.