
یاریگا –
راهێنەری گازی باکوور باسی ئاستی ئەم وەرزەی تیپەکە دەکات و دەڵێت شایستەی مانەوەین لەم وەرزەی خولی نایابی عێڕاق.
لە گەڕی 32ـی خولی نایابی عێڕاق، دووشەممە ( 26ـی ئایاری 2025 ) لە بەغدا یانەی گازی باکوور رووبەڕووی کازمیە دەبێتەوە، هەریەک لە ئیدریس هونەری بەرگریکار و بیسمارکی یاریزانی پیشەگەری ئیکوادۆڕی بەهۆی پێکانەوە لە گازی باکوور بەشداری یارییەکە ناکەن.
رەوەند عەبدولخالق راهێنەری گازی باکوور دەربارەی یارییەکە و دۆخی تیپەکە تایبەت بە تۆڕی وەرزشی یاریگا گوتی:
لە سەرجەم یارییەکان ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکەین بەڵام زۆربەی کات بەخت لەگەڵ ئێمە نیە، گازی باکوور شایستەی مانەوەیە لە خولی نایابی عێڕاق بۆیە نابێ چیتر بە ئاسانی خاڵ لەدەست بدەین، هەوڵدەدەین لەم چەند یارییەی داهاتوو ئەنجامی شایستە بەدەست بهێنین، کارگێڕی گازی باکوور کەموکوڕیان بەرامبەر ئێمە نیە و هەمیشە هاوکارن بۆ پێکانی ئامانجی ئەم وەرزەمان کە مانەوەیە لە خولی نایابی عێڕاق.
لە قۆناخی یەکەم هەر دوو یانە بەبێ گۆڵ یەکسان بوون، گازی باکوور 35 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی 16ـەی خولەکە دێت، گەڕی داهاتووش هەر لە بەغدا بەرامبەر سناعات کارەبایی یاریی دەکات، کازمیە 50 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی چوارەمی خولی نایابی عێڕاق دێت.