
یاریگا –
پێشمەرگەی سلێمانی بۆ یارییەکەی بەرامبەر موسڵ توانای سێ یاریزانی لەدەست دەدات و موسڵیش بۆ یارییەکە ئامادەیە.
دوو شەممە ( 26ـی ئایاری 2025 ) لە گەڕی 32ـی خولی نایابی عێڕاق، لە یاریگای فەرماندەیی کاتژمێر 4:30ـی ئێوارە پێشمەرگەی سلێمانی رووبەڕووی موسڵ دەبێتەوە، پێشمەرگە 10 یارییە بەراهێنەرایەتی ئەرسەلان جەلال تووشی شکست نەهاتووە و موسڵیش چوار یارییە لە خولەکە سەرکەوتنی تۆمار نەکردووە.
ئەمیر ئیسماعیل یاریزانی کوردی یانەی موسڵ تایبەت بە تۆڕی وەرزشی یاریگا رایگەیاند کە بۆ یارییەکە ئامادە دەبێت و دەنگۆی یارینەکردنی بە هۆی پێنج کارتی زەردەوە دوورە لە راستی، موسڵ تەواوی یاریزانەکانی بۆ یارییەکە ئامادەن و هیچ پێکانێک و راگیرانێکیان نیە.
بەهەست هاوڕێ کاپتنی پێشمەرگەی سلێمانی و ئیسماعیل ئەحمەدی ناوەڕستکار و یادگار ئیبراهیمی هێرشبەر بە هۆی پێکانەوە ناتوانن بەشداری یارییەکە بکەن، پێشمەرگە 40 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی 10ـەی خولی نایابی عێڕاق دیت، گەڕی داهاتووش دەبێتە میوانی رەمادی.
موسڵ لە قۆناخی یەکەم 4 _ 2 لە پێشمەرگەی بردەوە، وێڕای سەرنەکەوتنی لە چوار یاریی رابردوو، موسڵ بە راهێنەرایەتی جاسب سوڵتانی نەجەفی 55 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی دووەمی خولەکە دێت، گەڕی داهاتووش لە یاریگای ئاکرێ میوانداری کازمیە دەکات.