ئامۆژگاری ناگلیسمان بۆ ڤیرتز؛ لیڤەرپوول یان بایرن میونشن هەڵبژێرێت؟
راهێنەری ئەڵمانیا نهێنی قسەکانی لەگەڵ ڤیرتز ئاشکرا دەکات

یاریگا –
یولیان ناگلیسمان، راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا نهێنی نوێ لەبارەی چوونە دەرەوەی فلۆریان ڤیرتز لە بایەر لیڤەرکوزن ئاشکرا دەکات.
ڤیرتز بە یەکێک لە باشترین یاریزانانی لاوی ئەوروپا هەژمار دەکرێت و ئێستا پرسی گواستنەوەی باسی گەرمی میدیاکانە و چەندین یانەیەک خۆیان لەبۆسە ناوە.
لە سەرەتای ئەم مانگەدا، سەرەڕای رکابەریکردنی لەگەڵ مانچێستەر سیتی، بایرن میونشن نزیکترین یانە بوو لە بەدەستهێنانی واژۆی ئەستێرە 22 ساڵییەکە، بەڵام لەپڕ هەموو هاوکێشەکە گۆڕا.
بەگوێرەی دوایین پەرەسەندنەکان، لیڤەرپوول و ڤیرتز لەسەر تەواوی وردەکارییەکان رێککەوتوون و ئێستا یانە ئینگلیزییەکە لەبارەی بەهای گواستنەوە، خەریکی رێککەوتنە لەگەڵ لیڤەرکوزن.
ناگلیسمان، راهێنەری مانشافت ئاشکرایدەکات، ڤیرتز داوای ئامۆژگاری لێکردووە و ئەویش وردەکاری قسەکانیان بە تۆڕی سکای سپۆرتس گوتووە؛
ڤیرتز نامەی بۆ ناردم و هەندێک قسەمان کرد، هەوڵمدا بەگوێرەی ئەزموون و زانیاری و بڕوای خۆم یارمەتی بدەم.
پێمگوت، ناتوانم لە جیاتی تۆ بڕیار بدەم، چونکە باوەڕناکەم بڕیارەکەم هەنگاوە دروستەکەبێت و دەبێ خۆت بڕیار بدەیت. بەردەوام لە میدیاکان دەڵێن هەموو شتێک تەواو بووە، بیرمان بێت، سەرەتا گوتیان گواستنەوەی ڤیرتز بۆ میونشن تەواو بووە، بۆیە با چاوەڕێ بین و بزانین چی روودەدات.
ناگلیسمان زۆر بە تواناکانی ڤیرتز سەرسامە و پێی وایە لە هەر یانەیەک یاریی بکات، دەبێتە یەکێک لە ستوونەکانی ئەو یانەیە؛
لە کۆتاییدا هەموو یاریزانێک دەبێ بڕیار لە داهاتووی خۆی بدات، هەرچەندە فەرمی نییە، بەڵام ئەگەر لیڤەرپوول بێت، ئەوا هەنگاوێکی زۆر باشە، چونکە دەتوانێت لەو یانەیە لە شوێنی خۆی یاریی بکات، لیڤەرپوول یانەیەکی گەورە و کەشێکی ناوازەی هەیە.
هەڵبژاردنی میونشنیش بڕیارێکی خراپ نابێت. بەلای منەوە شتێکی باشە ڤیرتز و موسیالا پێکەوە یاریی بکەن، بەڵام هەردوو یاریزانەکە ئەگەر بەیەکەوەش نەبن، ئەوا کاریگەری باشیان لەسەر هەڵبژاردە دەبێت.