تەواو؛ دووەم گرێبەستی ریال مەدرید لەم هاوینە یەکلا دەبێتەوە

یاریگا –
ریال مەدرید دەیەوێت لەم رۆژانە هەوڵەکانی چڕ بکاتەوە بۆ ئەوەی دووەم گرێبەستی لەم هاوینە یەکلا بکاتەوە و بەفەرمی ئالڤارۆ کارێراس بەرگریکاری بێنفیکای پۆرتوگاڵی بگوازێتەوە ریزەکانی.
رۆژنامەی AS ـی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، ئەمڕۆ ئێوارە بێنفیکا دوایین یاریی خۆی لەم وەرزە دەکات و لە یاریی کۆتایی جامی پۆرتوگاڵ رووبەڕووی سپۆرتینگ لیسبۆن دەبێتەوە، ئیتر بەرپرسانی ریال مەدرید دەیانەوێت لە سبەیەوە دەست بە گفتوگۆ و کۆبوونەوەکانیان بکەن، بۆ ئەوەی کارێراس لە بێنفیکاوە بگوازنەوە مەدرید.
رۆژنامە مەدریدییەکە رایگەیاندووە، دوای یاریی کۆتایی جامی پۆرتوگاڵ، ریال مەدرید بە چڕی دەست بە هەوڵەکانی دەکات بۆ ئەوەی کارێراس بگوازێتەوە ریزەکانی، کە یانە مەدریدییەکە پێشوەختە لەگەڵ بەرگریکارە ئیسپانییەکەی بێنفیکا لەسەر بەندە کەسییەکانی رێککەوتووە، کارێراس بە مووچەی ساڵانەی 8-9 ملیۆن یۆرۆ بۆ ماوەی سێ ساڵ دەچێتە ریزەکانی لۆس بلانکۆس.
ریال مەدرید دوای دین هاوسن، دەیەوێت لە چەند رۆژی داهاتوو گرێبەستی ئالڤارۆ کارێراس یەکلا بکاتەوە و بیکاتە دووەم گرێبەستی ئەم هاوینەی، بەڵام ریال مەدرید ئامادە نییە نرخی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ئەو بەرگریکارە بدات کە 50 ملیۆن یۆرۆیە.
ریال مەدرید لەسەر داوای بێنفیکا وازی لە گفتوگۆیەکان لەبارەی کڕینی کارێراس هێنابوو، بەڵام دوای یاریی کۆتایی جامی پۆرتوگاڵ، ئیتر ریال مەدرید بە گەرمی دێتەوە سەر هێڵ و لە دەستپێکی گفتوگۆیەکانی ئامادەیە 30 ملیۆن یۆرۆ بخاتە سەر مێز، بۆ ئەوەی یانە پۆرتوگاڵییەکە دەستبەرداری کارێراس بێت.
بێنفیکا هەروا بە ئاسانی رازی نابێت؛ داوای دوو یاریزانی ریال مەدرید دەکات
ماڵپەڕی دیفێنسا سێنترال ـی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، بێنفیکا لە بەرامبەر دەستبەرداربوونی لە کارێراس داوای دوو یاریزانی ریال مەدرید دەکات، لەکاتێکدا چابی ئالۆنسۆ ئامادە نییە دەستبەرداری ئەو دوو یاریزانە بێت.
ددیفێنسا سێنترال رایگەیاندووە، بێنفیکا لە بەرامبەر دەستبەرداربوونی لە کارێراس داوای هەریەکە لە فران گارسیا و دانی سێبایۆس دەکات، پێشنیازی کردووە بەرگریکارەکەی بەو دوو یاریزانەی ریال مەدرید بگۆڕێتەوە، بەڵام مەدریدییەکان نایانەوێت دەستبەرداری ئەو دوو یاریزانەیان بن.
گەرچی ئالۆنسۆ نایەوێت دەستبەرداری دوو یاریزانەکەی بێت و کارێراسیش بۆ بەرگری چەپ تاکە بژاردەیەتی، بەڵام لەوانەیە سێبایۆس و گارسیا بەهۆی کەمی دەرفەتی یاریکردنیان قس ەلەگەڵ ئالۆنسۆ بکەن و ئەگەر گەرەنتی یاریکردنیان پێنەدرێت، لەوانەیە ئەوانیش ئارەزوو بکەن ریزەکانی ریال مەدرید بەجێبهێڵن.