
یاریگا –
بایەر لیڤەرکوزن و ئێریک تێن هاخ، راهێنەری پێشووی مانچێستەر یونایتد لەسەر مەرجەکانی کەسی رێککەوتن.
تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، لیڤەرکوزن خەریکی تەواوکردنی پڕۆسەی بەڵگەنامەکانە و بەمنزیکانە وردەکاری گرێبەستەکە ئاشکرا دەکات.
لەدوای جیابوونەوەی چابی ئاڵۆنسۆ و لیڤەرکوزن، لە سەرەتای ئەم مانگەوە، ناوی تێن هاخ لە نێو لیستی کورتکراوەی بەربژێرانی یانە ئەڵمانییەکە دەرکەوت.
راهێنەرە 55 ساڵییەکە لە ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە بێکارە، ئەمەش دوای دوورخستنەوەی لە پۆستی راهێنەرایەتی مانچێستەر یونایتد، بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی و تێپەڕبوونی 14 یاریی پرێمەرلیگ.
راهێنەری پێشووی ئەیاکس پێشتر لە ساڵانی 2013-2015 لە ئەڵمانیا کاری لەگەڵ تیمی دووەمی بایرن میونشن کردووە، ئەوکاتە پێپ گواردیۆلا، راهێنەری تیمی یەکەمی میونشن بوو.
تێن هاخ لە یەکەم وەرزیدا لە مان یونایتد، پلەی سێیەمی پرێمەرلیگی بەدەستهێنا و بووە پاڵەوانی جامی کاراباو. راهێنەرە هۆڵەندییەکە کۆتایی بە رۆژووی شەیتانە سوورەکانی لە نازناوەکان دوای شەش ساڵ شکاند، لە ساڵی دواتریش جامی یەکێتیی ئینگلتەرای بردەوە.
لە وەرزی 2023-24 مان یونایتد ئاستێکی ناجێگیری پێشکەشکرد و پلەی هەشتەمی پرێمەرلیگی بەدەستهێنا، ئەمەش خراپترین پلەی مان یونایتد بوو لە دوای 1990، هەروەها لە قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ دەرکرا.
تێن هاخ لەم وەرزەی پرێمەرلیگدا، لە کۆی 14 یارییدا تەنیا چوار یاریی بردەوە، ئەمەش بووە هۆکاری دوورخستنەوە و دەستنیشانکردنی روبن ئامۆریم وەکو شوێنگرەوەی.
تێن هاخ پێشثر بۆ ماوەی چوار ساڵ و نیو راهێنەری ئەیاکس بوو، لە وەرزی 2018-19 سەرکردایەتی یانەکەی کرد بۆ گەیشتن بە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ، ئەمەش باشترین ئاستی یانەکەبوو دوای ساڵی 1997، لەو وەرزەدا لە ریال مەدرید و یوڤێنتوسی بردەوە. جیا لەمەش تێن هاخ سێ نازناوی خولی هۆڵەندی بەرزکردەوە.
لیڤەرکوزن لە یەکەم وەرزیدا لەگەڵ ئاڵۆنسۆ، بۆندسلیگا و جامی ئەڵمانیای بردەوە و گەیشتە یاریی کۆتایی یۆرۆپالیگ، بەڵام ئەوکاتە بە ئاتاڵانتا دۆڕا.
ئاڵۆنسۆ وەرزی 2024-25ی بێ نازناو تەواوکرد، بە جیاوازی 13 خاڵ لە دوای میونشن پلەی دووەمی بۆندسلیگای بەدەستهێنا.
ئاڵۆنسۆ دەبێتە شوێنگرەوەی کارلۆ ئانچێلۆتی لە ریال مەدرید و راهێنەرە ئیتاڵییەکەش دەبێتە راهێنەری هەڵبژاردەی بەڕازیل.