ئانسو فاتی ماڵئاوایی لە بارسێلۆنا دەکات و دەچێتە فەڕەنسا

یاریگا –
ئانسو فاتی لە رۆیشتنی لە بارسێلۆنا و پەیوەندیکردنی بە مۆناکۆ نزیکبووەتەوە، هەردوو یانە ئیسپانی و فەڕەنسییەکە لەگفتوگۆدان.
فێرناندۆ پۆلۆ رۆژنامەنووسی ئیسپانی لە رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی ئاشکرایکردووە، بارسێلۆنا و مۆناکۆ لەبارەی ئانسو فاتی لە رێککەوتنی کۆتایی نزیکن، ئانسو فاتی بەرامبەر کەمتر لە 20 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە یانە فەڕەنسییەکە دەکات و هێرشبەرە ئیسپانییەکە رەزامەندیی پیشان داوە، بۆ ئەوەی درێسی مۆناکۆ بپۆشێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی فێرناندۆ پۆلۆ، بارسێلۆنا دەیەوێت بەندێک لە گرێبەستەکەی ئانسو فاتی هەبێت، ئەگەر یانە کەتەلۆنییەکە بیەوێت لە داهاتوو بیگەڕێنێتەوە یانەکەی، مافی ئەوەی هەبێت بەرامبەر بڕێک پارەی دیاریکراو فاتی بگەڕێنێتەوە کامپ نوو، یانیش ئانسو فاتی بە خواستن روودەکاتە ریزەکانی مۆناکۆ و لە کۆتایی خواستنەکەش یانە فەرەنسییەکە بتوانێت بە بڕێک پارە بیکاتە یاریزانی خۆی.
سانتی ئاونا رۆژنامەنووسی فەڕەنسی رایگەیاندووە، بارسێلۆنا و مۆناکۆ دەیانەوێت بەزووترین کات گرێبەستەکەی فاتی تەواو بکەن، کە هێرشبەرە 22 ساڵانەکە ئێستا لە بۆرسەی یاریزانان بەهای 5 ملیۆن یۆرۆیە و تاوەکو هاوینی 2027 گرێبەستی لەگەڵ بلاوگرانا هەیە.