بازاڕی گواستنه‌وه‌سعوودیە

ڤیکتۆر ئۆسیمین لەگەڵ یانەیەکی سعوودی رێک دەکەوێت

Yariga App

یاریگا –

گەورەترین و بەناوبانگترین رۆژنامەی سعودی رێککەوتنی هیلال لەگەڵ ڤیکتۆر ئۆسیمینی راگەیاند.

رۆژنامەی بەناوبانگی ریاز ئاشکرای کردووە کە بەرپرسانی هیلالی سعودی لەگەڵ ڤیکتۆر ئۆسیمین ئەستێرەی نەیجیریایی و یاریزانی ناپۆلی کە بە خواستن لە گالاتاسەرای تورکیا یاریی دەکات، گەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی، بۆ ئەوەی ئەو هێرشبەرە مانگی داهاتوو لە جامی جیهانی یانەکاندا درێسی یانە سعودیەکە بپۆشێت.

رۆژنامەکە لە راپۆرتەکەیدا نووسیویەتی، بەگوێڕەی رێککەوتنەکە ئۆسیمین گرێبەستێک بۆ ماوەی سێ ساڵ واژۆ دەکات. هەمان سەرچاوە ئاشکراشی کردووە، هیلال بڕی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ئۆسیمین کە 75 ملیۆن یۆرۆیە دەدات بۆ ئەوەی گواستنەوەی یاریزانەکە بە فەرمی بێت.

هاوکات ساڵانە 45 ملیۆن یۆرۆ پێشکەش بە یاریزانەکە دەکات، کە بە مووچەی سێ ساڵەی 135 ملیۆن یۆرۆیە و بڕگەی ئازادکردنیشی دەداتە ناپۆلی.

ئۆسیمین وەرزی رابردوو وەرزێکی نایابی بەڕێکرد، لەگەڵ گاڵاتەسەرای خول و جامی تورکیای بردەوە، هاوکات بە تۆمارکردنی 25 گۆڵ بووە گۆڵکاری خولەکە.

ئەو هێرشبەرە لە ساڵی 2017 لەگەڵ یانەی ڤۆڵفسبۆرگی ئەڵمانی دەستی بە یاری تۆپی پێی پیشەگەری کرد و لە وەرزی 2018-2019 بە خواستن درایە یانەی شارلیرۆی بەلجیکی و ئاستە نایابەکانی وایکرد یانەکە یاریزانەکە بە فەرمی بگوازێتەوە.

لە هاوینی 2019 ئۆسیمین لە فەرەنسا پەیوەندی بە یانەی لیلەوە کرد و لە یەک وەرزدا بە 18 گۆڵ درەوشایەوە و سەرنجی یانە گەورەکانی ئەوروپای بۆ لای خۆی راکێشا. پاشان لە هاوینی 2020 بە گرێبەستێک بە بەهای 80 ملیۆن یۆرۆ رووی لە ناپۆلی کرد و بووە گرانترین گرێبەستی یانەکە لە مێژوودا.

ئۆسیمین بە خێرایی خۆی وەک یەکێک لە باشترین هێرشبەرەکانی خولی ئیتاڵیا جێگیر کرد و بەتایبەتی لە وەرزی 2022-2023 26 گۆڵی تۆمارکرد و نازناوی گۆڵکاری بەدەستهێنا، هەروەها رۆڵێکی گەورەی لە پاڵەوانێتی مێژوویی ناپۆلیدا هەبوو دوای 33 ساڵ. بووە یەکەم یاریزانی ئەفریقی کە نازناوەکەی بەدەست هێنا و دواتر خەڵاتی باشترین هێرشبەر و باشترین یاریزانی خولی ئیتاڵیای وەرگرت، هەروەها لە پلەی هەشتەمی خەڵاتی باڵۆن دۆری 2023 ناو لیستی دە باشترین یاریزانی جیهاندا بوو.

بابەتی زیاتر

Back to top button