دڵۆڤان مەهدی لە درێسینگ رووم: تاوەکو فڕۆکەخانەی دهۆک دروست نەکرێت زاخۆ نابێتە پاڵەوانی عێراق
دەڵێت: لە بانگهێشتکرانی یاریزانان بۆ هەڵبژاردەی عێراق ستەم لە هەندێک یاریزان دەکرێت

یاریگا –
دڵۆڤان مەهدی گۆڵپارێزی یانەی هەولێر لە نوێترین ئەڵقەی بەرنامەی درێسینگ رووم کە ئەمشەو بڵاو دەبێتەوە، دەڵێت :’تاوەکو فڕۆکەخانەی دهۆک دروست نەکرێت زاخۆ نابێتە پاڵەوانی عێراق’.
دڵۆڤان مەهدی گۆڵپارێزی یانەی هەولێر دەڵێت :’دڵۆڤان مەهدی: نەبوونی پاڵپشتی دارایی هۆکاری ئەنجامە خراپەکانی هەولێرە، یارییەکانمان بەرامبەر زاخۆ و دهۆک و زەوڕا خۆشترین بوون، من دەمێک بوو دەمویست بێمە ریزەکانی هەولێر، بۆیە کاتێک ئۆفەرم پێشکەش کرا یەکسەر رازی بووم، شێرکۆ کەریم یەکێک بوو لە هۆکارەکان بۆ ئەوەی بێمە هەولێر’.
گۆڵپاریزە کوردەکەی هەڵبژاردەی عێراق لەبارەی گۆڵپارێزانی هەڵبژاردەی عێراق دەڵێت :’عەلی کازم گۆڵپارێزی زاخۆ شایستەی ئەوەیە بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق بکرێت و دەرفەتی یاریکردنی پێبدرێت، هەندێکجار لە بانگهێشتکردنی یاریزانان ستەم دەکرێت، زۆر جار بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق کراوم بەڵام یاریم نەکردووە، سەرهەنگ موحسین و دیدار حامید لە هەڵبژاردەی عێراق شایستەی دەرفەتی زیاتر بوون’.
گۆڵپارێزەکەی پێشووی دهۆک و زاخۆ دەشڵێت :’زاخۆ هەموو خەسڵەتێکی هەیە بۆ ئەوەی ببێتە پاڵەوانی خولی ئەستێرەکانی عێراق، بەڵام بە بڕوای من تاوەکو فڕۆکەخانەی دهۆک دروست نەکرێت، زاخۆ ناتوانێت ببێتە پاڵەوانی خولی عێراق’.
درێسینگ رووم بەرنامەیەکی تایبەتی تۆڕی وەرزشی یاریگایە، بۆتان عومەر پێشکەشی دەکات و هەر جارێک لە درێسینگ روومی یاریگایەک میوانداریی ئەستێرەیەکی تۆپی پێی کوردستان دەکات، ئەمشەو کاتژمێر 09:00 نوێترین ئەڵقەی لە فەیسبوول و یوتیوب بڵاو دەبێتەوە، دڵۆڤان مەهدی گۆڵپارێزی یانەی هەولێر نهێنی و چیرۆکەکانی کاروانی وەرزشی خۆی دەگێڕێتەوە.