راپۆرتی تایبەتعێراقکوردستانگرنگترینیاریگا

ئەیمار شێر کێیە؟ ئەو کوڕە کوردەی ئیبراهیمۆڤیچ پێی سەرسامە و بۆیەکەمجار بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق کرا

ئیبراهیمۆڤیچ درێسێکی کاکای بەدیاریی بۆی بردووە

Yariga App

یاریگا –

ئەیمار شێر یاریزانی لاوی کورد بۆیەکەمجار بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق کرا و بۆ دوو یاریی داهاتووی شێرەکانی رافیدەین بەرامبەر کۆریای باشوور و ئوردن لە پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026 یاریی دەکات.

گراهام ئارنۆڵد راهێنەری ئوسترالی هەڵبژاردەی عێراق لەکۆی ئەو 30 یاریزانەی بانگهێشتی کردوون، بۆیەکەمجار ئەیمار شێر یاریزانی لاوی کوردی بانگهێشت کردووە، کە لە بەسرە کەمپێکی مەشق و راهێنان دەکەنەوە و دواتر ژمارەی یاریزانەکانی لیستەکە کەم دەکرێتەوە.

یاریزانە 22 ساڵانەکەی یانەی سارشپۆرگی نەرویجی لەم وەرزە لەگەڵ یانەکەی لە 10 یاری 855 خولەک یاریی کردووە و ئەسیستێکی کردووە.

ئەیمار شێر بۆیەکەمجار بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق کرا
ئەیمار شێر بۆیەکەمجار بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق کرا

ئەیمار هەژار شێر کێیە؟

ئەیمار هەژار شێر 20ـی دیسەمبەر/کانوونی یەکەمی 2002 لە کەرکووک لە ماڵباتێکی کوردی کڵدانی لەدایکبووە، کە لە بنەڕەتدا خەڵکی شەقڵاوەن، لە منداڵییەوە چوونەتە سوید و لە یانەی هاماربی سویدی دەستی بە یاریی کردووە، لە هێڵی ناوەڕاست وەکو یاریساز یاریی دەکات.

ئەیمار شێر هاوینی 2012 لە هاماربییەوە روویکردە ریزەکانی سپێزیای ئیتاڵی و دواتریش بە خواستن بۆ ماوەی شەش مانگ پەیوەندی بە ریزەکانی خرۆنێگنی هۆڵەندییەوە کرد، لە سەرەتای ساڵی رابردووەوە پەیوەندی بە ریزەکانی سارشپۆرگی نەرویجییەوە کردووە و هاوشانی مارکۆ فەرەج لە خولی نایابی نەرویج یاریی دەکات.

ئەیمار تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 گرێبەستی لەگەڵ یانە نەرویجییەکە واژۆ کردووە و ئێستا لە بۆرسەی یاریزانان بەهایەکەی 1.2 ملیۆن یۆرۆیە.

کوڕە کوردەکە لە ریزی هەڵبژاردەی ژێر 16 ساڵان و 18 ساڵان و 19 ساڵانی سوید یاریی کردووە، تەنانەت سێ یاریشی بە درێسی هەڵبژاردەی ژێر 21 ساڵانی سوید کردووە و گۆڵێکیشی کردووە، بەڵام سێ مانگ لەمەوبەر بەفەرمی بووە خاوەنی وڵاتینامەی عێراقی و بڕیاریدا درێسی هەڵبژاردەی عێراق بپۆشێت.

ئەو کوڕە کوردەی زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ پێی سەرسامە

زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ زۆر بە ئەیمار شێر سەرسامە و ساڵی 2020 بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کاتێک لەگەڵ یانەی هاماربی سویدی مەشق و راهێنانی دەکرد، دیارییەکی تایبەتی پێشکەشی کوڕە کوردەکە کردووە.

ئەیمار شێر دەگێڕێتەوە، ساڵی 2020 کاتێک ئیبراهیمۆڤیچ راهێنانی لەگەڵ دەکردن رۆژێک لێی پرسیوە کامە یاریزان نموونەی باڵاتە، ئەویش پێی گوتووە ریکاردۆ کاکا ناوەڕاستکاری بەڕازیلی یانەی ئەیسی میلانی ئیتاڵی، ئیبرا بەڵێنی پێی داوە درێسێکی کاکای بۆ ببات.

ئەیمار دەڵێت :’بۆ رۆژی دواتر ئیبرا درێسێکی کاکای بە واژۆی یاریزانە بەڕازیلییەکە بۆ هێنام، کاتێک چوومە ژووری جلگۆڕین خۆم بگۆڕم، بینیم درێسێکی کاکای لە سەر دۆڵابەکەی من داناوە، سوپرایزێکی زۆر خۆش بوو، من ئێستاش کە بیری لێدەکەمەوە تووشی شۆک دەبم’.

ئیبراهیمۆڤیچ کە دواتر نیوەی پشکەکانی یانەی هاماربی کڕییەوە و ئێستا خاوەنی ئەو یانە سویدییەیە کە ئەیمار لێی گەورە بوو، بە یاریزانە کوردەکە سەرسامە، ئەیمار دەڵێت کاتێک لەگەڵ ئێمە راهێنانی دەکرد، هەمیشە قسەی بۆ دەکردین و زۆر شتێ فێر دەکردین.

No photo description available.

بابەتی زیاتر

Back to top button