ئاسیاعێراقگرنگترین

لیستی یاریزانە بانگهێشتکراوەکانی عێراق بۆ یارییەکانی کۆریای باشوور و ئوردن راگەیاندرا

شەش یاریزانی کورد (ئەیمار شێر، مێرخاس دۆسکی، مارکۆ فەرەج، ئاکام هاشم، یوسف ئەمین، ئوسامە رەشید) بانگهێشتکراون

Yariga App

یاریگا –

گراهام ئارنۆڵد راهێنەری نوێێ هەڵبژاردەی عێراق لیستی یاریزانە بانگهێشتکراوەکانی بۆ دوو یارییە چارەنووسسازەکەی شێرەکانی رافیدەین لە پاڵاوتنی مۆندیالی 2026 راگەیاند، کە شەش یاریزانی کورد لە لیستەکەدان.

گراهام ئارنۆڵد راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق پێش ئەوەی لیستەکەی رابگەیەنێت گوتی :’حەفت بۆ هەشت یاریی خولی ئەستێرەکانی عێراقم بینیوە، پێش یارییەکەی بەسرە کەمپێکی مەشق و راهێنان دەکەینەوە بۆ ئەوەی خۆمان بە باشترین شێوە ئامادە بکەین، ئێمە 30 یاریزانمان دەستنیشان کردووە بۆ ئەوەی بانگهێشتیان بکەین، دواتر پێش یارییەکەی کۆریای باشوور لیستی یاریزانەکان کەم دەکەینەوە’.

لیستی یاریزانە بانگهێشتکراوەکانی عێراق بۆ یارییەکانی کۆریای باشوور و ئوردن

گۆڵپارێز: فەهد تاڵب، جەلال حەسەن، ئەحمەد باسڵ.

بەرگری: رێبین سولاقا، سەعد ناتق، عەلی فایز، مەناف یونس، حوسێن عەلی، فرانس پوترس، ئاکام هاشم، زەید تەحسین، مستەفا سەعدوون، مێرخاس دۆسکی، ئەحمەد یەحیا.

ناوەڕاست: سەجاد جاسم، ئەیمار شێر، ئوسام رەشید، ئەمیر عەماری، حەسەن عەبدولکەریم (قوقیە)، ئیبراهیم بایش، مارکۆ فەرەج، پیتەر گورگیس، یوسف ئەمین، عەلی جاسم، مونتەزیر ماجد، محەمەد قاسم.

هێرشبەر: ئەیمەن حوسێن، محەمەد جەواد، عەلی حەمادی، موهەنەد عەلی.

رۆژی 5ـی مانگی داهاتوو عێراق لە قۆناخی کۆتایی پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026 لە بەسرە میوانداریی کۆریای باشوور دەکات، دوای پێنج رۆژی دیکە دەبێتە میوانی ئوردن، ئەگەر شێرەکانی رافیدەین ئەو دوو یارییە ببەنەوە راستەوخۆ دەگەنە مۆندیالی داهاتوو.

عێراق چۆن دەگاتە مۆندیالی 2026؟

مۆندیالی 2026 بۆیەکەمجار بە بەشداریی 48 هەڵبژاردە لە ئەمریکا و مەکسیک و کەنەدا بەڕێوە دەچێت، بۆیە ژمارەی کورسییەکانی هەر کیشوەرێک زیادی کردووە، پێشتر کیشوەری ئاسیا چوار بلیت و نیوی هەبوو، بەڵام بۆ مۆندیالی داهاتوو هەڵبژاردەکانی ئاسیا هەشت بلیت و نیویان دەبێت، واتە چانسی هەڵبژاردەکانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیال دوو هێندە زیادی کردووە.

لە سێ کۆمەڵەکەی قۆناخی کۆتایی پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026، پلەی یەکەم و دووەمی هەر کۆمەڵەیەک راستەوخۆ دەگەنە مۆندیال، بەڵام ئەگەر عێراق ئەو دوو پلەیەشی لە کۆمەڵەکەی بەدەست نەهێنا، هێشتا هیوابڕاو نابێت و دوو چانسی دیکەی دەمێنێت.

لە کۆمەڵەی دووەمی قۆناخی کۆتایی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026، عێراق بە کۆکردنەوەی 12 خاڵ لەدواوەی ئوردنی دووەم (13 خاڵ) دێت، کۆریای باشووریش بە 16 خاڵ پلەی یەکەمی کۆمەڵەکەی گرتووە، عێراق لە کۆمەڵەکەی دوو یاریی بەرامبەر کۆریای باشوور و ئوردن ماوە، هەردوو یارییەکەی بباتەوە راستەوخۆ دەگاتە مۆندیال.

عێراق سەرەتای مانگی حوزەیران/یونیۆ هەردوو یارییەکەی دەکات، رۆژی 5ـی یۆنیۆ لە بەسرە میوانداریی کۆریای باشوور دەکات، دواتر رۆژی 10ـی هەمان مانگ دەبێتە میوانی ئوردن.

عێراق لە مێژوودا تەنیا جارێک گەیشتووەتە مۆندیال

عێراق لە مێژوودا تەنیا جارێک گەیشتووەتە مۆندیال ئەویش لە مۆندیالی 1986 بوو، ئەحمەد رازی و هاوڕێیەکانی توانیان لە پاڵاوتنەکان بلیتێکی مۆندیالەکەی مەکسیک بەدەست بهێنن و بۆ یەکەمجار لە مێژوودا بەشداریی مۆندیالیان کرد.

عێراق لەو مۆندیالە لەکۆی سێ یاری نەیتوانی هیچ یەکسان و بردنەوەیەک بەدەست بهێنێت و هەر سێ یارییەکەی بەرامبەر مەکسیک و پاراگوای و بەلجیکا دۆڕاند و چوار گۆڵی لێکرا و تەنیا گۆڵێکی کرد، ئەو گۆڵە مێژووییەش لەلایەن ئەحمەد رازی لە خولەکی 59 لە یاریی بەرامبەر بەلجیکا تۆمارکرا.

بابەتی زیاتر

Back to top button