فەرمی؛ ریال مەدرید لەبارەی ئەستێرەیەک پەیوەندی بە بیلباو دەکات
ریال مەدرید هەموو شتێکی بۆ ئاتلێتیک بیلباو روونکردووەتەوە و ئێستا تۆپ لە یاریگای یاریزانەکەیە !

یاریگا –
جارێکی دیکە ناوی نیکۆ ویڵیامس، ئەستێرەی ئاتلێتیک بیلباو بووەتە باسی سەرەکی میدیاکانی ئیسپانیا و هاوشێوەی مێرکاتۆی هاوینەی رابردوو، هەمووانی بەخۆی سەرقاڵکردووە.
لە 48 کاتژمێری رابردوودا، لەپڕ ناوی ویڵیامس بە ریال مەدرید بەسترایەوە، ئەمەش لەگەڵ نزیکبوونەوەی چوونەدەرەوەی رۆدریگۆ لە یانە شاهانەکە.
بڵاوبوونەوەی دەنگۆکان هاندەرانی ریال مەدریدی دڵخۆشکردووە، چونکە پێیان وایە دوو چۆلەکە بە بەردێک دەکوژن، یەکێکیان گواستنەوەی بەهرەمەندێکی بەتوانا و دووەمیان دوورخستنەوەی یاریزانەکەیە لە بارسێلۆنا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی بەرنامەی ئێل لارگێرۆ لە رادیۆی کادێنا سێر، ریال مەدرید بە فەرمی لەبارەی ویڵیامس پەیوەندی بە ئاتلێتیک بیلباو کردووە و پێی راگەیاندووە؛
نازانین سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ئەم زانیاریانە کێیە، بەڵام ویڵیامس لە بازنەی ئامانجەکانی ئێمەدا نییە و دەمانەوێت تەواو لە هەڵوێستی ئێە تێبگەن. ریال مەدرید هیچ گرنگی بە ویڵیامس نەداوە.
مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ویڵیامس لە بیلباو بریتییە لە 58 ملیۆن یۆرۆ، بۆیە بەدرێژایی هاوینی داهاتوو، ناوی ئەستێرە ئیسپانییەکە دەبیستین.
هەرچەندە ساڵی رابردوو، بارسێلۆنا هەوڵی گواستنەوەی ئەستێرەکەیدا، بەڵام لە کۆتاییدا لە دوای تەواوبوونی یۆرۆی 2024، یاریزانەکە مانەوەی خۆی لە هەرێمی باسک راگەیاند و بابەتەکە داخرا و تاوەکو ئێستاش هیچ باس نەکراوە.
🗞️Estas son las portadas de la prensa deportiva de hoy, jueves 22 de mayohttps://t.co/9kGnCCRV1Z
— Diario SPORT (@sport) May 22, 2025
بارسێلۆنا خەریکی چییە؟
پێدەچێت بارسێلۆنا هاوینێکی زۆر گەرم لە مێرکاتۆ بەڕێبکات و لە ئێستاوە بەشە جیاوازەکانی یانەکە کار لەسەر پێشنیازەکان دەکەن.
دێکۆ، بەڕێوەبەری وەرزشی بارسێلۆنا ئامانجی سەرەکی مێرکاتۆی هاوینەی دەستنیشانکردووە و لەگەڵ خوان لاپۆرتا، سەرۆک و هانزی فلیک، راهێنەری یانەکە لەسەر گواستنەوەکە رێککەوتوون.
رۆژنامەی سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، بارسێلۆنا خۆی یەکلاییکردووەتەوە و دەیەوێت لویس دیاز، ئەستێرەی لیڤەرپوول بگوازێتەوە. رێدز بەهای دیازی بە 85 ملیۆن یۆرۆ دیارییکردووە و دەستبەرداربوون لە تواناکانی لە ئانفیڵد، بابەتێکی ئەستەم نییە.
بارسا کار لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستی رافینیا دەکاتەوە و لە رێککەوتنی کۆتایی نزیکە، لەلایەکی دیکەوە هەموو هەوڵێکی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکانی لامین یامال و فرێنکی دی یۆنگ خستووەتەگەڕ، چونکە یانەکە پێی وایە، ئەم سێ یاریزانە ستوونی یانەکەن.