تەواو؛ بارسێلۆنا گرێبەستی ئەستێرەیەکی گەورە نوێدەکاتەوە
هەموو شتێک تەواوبووە و بەمزووانە رادەگەیێندرێت

یاریگا –
دوای تەواوبوونی وەرزێکی پڕدەستکەوت، ئێستا بارسێلۆنا خەریکی رێکخستنەوەی تیمەکەی دەبێت.
رافینیا یەکێکە لە یاریزانە کاریگەرەکانی ئەم وەرزە و لەگەڵ هانزی فلیک، ئاستێکی نموونەیی پێشکەشکردووە. ئەستێرە بەڕازیلییەکە لەگەڵ لامین یامال، بە کاریگەرترینی ئەم وەرزە هەژمار دەکرێن.
رۆژنامەی موندۆ دێپۆرتیڤۆ بڵاویکردووەتەوە، بارسێلۆنا و رافینیا لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەست گەیشتوونەتە رێککەوتن و بەمنزیکانە واژۆی دەکات.
رۆژنامەکە روونیکردووەتەوە، رافینیا گرێبەستەکەی تاوەکو هاوینی ساڵی 2028 لە بارسێلۆنا درێژدەکاتەوە، لە ترسی یانەکانی سعوودیەش، مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی دەکاتە یەک ملیار یۆرۆ، ئەمە جیا لە بەرزکردنەوەی مووچەکەی.
هەرچەندە یانەکانی سعوودیە ئۆفەری گرانبەهایان پێشکەشی رافینیا کرد، بەڵام لە کۆتاییدا ئەستێرە بەڕازیلییەکە مانەوەی لە بارسێلۆنا هەڵبژاردووە.
رافینیا لە هاوینی ساڵی 2022 لە لیدز یونایتدەوە پەیوەندی بە بارسا کرد، هەرچەندە لە یەکەم وەرزیدا ئاستێکی بەرزی پێشکەش نەکرد، بەڵام ئێستا بە ستوونێکی یانەکە هەژمار دەکرێت.
لەم وەرزەدا رافینیا لە کۆی 56 یاریدا 34 گۆڵ و 22 ئەسیستی هەبووە. لەگەڵ بارسا نازناوەکانی لالیگا، جامی شا و جامی سوپەری ئیسپانیای بەدەستهێنا.