
یاریگا –
دوای سەرکەوتنەکەیان بەرامبەر تەڵەبە، سەمیر بابۆ راهێنەری هەولێر دەڵێت پێویستە هاندەرانمان ئاشت بکەینەوە.
هەولێر لە یاریگای خۆی و لە گەڕی 34ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق سەرکەوتنێکی گرنگی بەدەستهێنا و 1 _ 0 لە تەڵەبەی بردەوە، هەولێر لە چوار یاریی رابردوودا سێ سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و بابۆی راهێنەریش دەڵێت گرنگە هاندەرانمان ئاشت بکەینەوە.
دوای کۆتایی هاتنی یارییەکە بەرامبەر تەڵەبە، سەمیر بابۆ راهێنەری هەولێر رایگەیاند:
ئاستێکی بەرزمان بەرامبەر تەڵەبە پێشکەش کرد بە تایبەت لە گێمی دووەم، سەرکەوتنەکەمان بەرامبەر تیپێکی گەورە بوو بردنەوە لەم جۆرە یارییانە تایبەتمەندی خۆی هەیە، پێویستە بەردەوام بین لەم سەرکەوتنانە بۆ ئەوەی هاندەرانمان ئاشت بکەینەوە.
شێرکۆ کەریم ئەستێرەی هەولێر باس لە سەرکەوتنەکەیان بەرامبەر تەڵەبە دەکات و دەڵێت بە هۆی جێبەجێکردنی پلانی راهێنەر توانیمان سەرکەوین، شێرکۆ زیاتر گوتی:
ئەنجامی ئەم سەرکەوتنە گرنگە جێبەجێکردنی پلانی راهێنەر بوو تایبەت لە گێمی دووەم، ئەگەر هەلەکانمان لە دەست نەدابا دەمانتوانی بە ئەنجامێکی گەورەتر یارییەکە کۆتایی پێبهێنین، هەوڵدەدەین بەهەمان ئاست لەم یارییانەی ماوە دەربکەوین.
بەم سەرکەوتنە هەولێر بە 44 هاتە ریزبەندی 12ـە و گەڕی داهاتووش میوانداری نەورۆز دەکات، تەڵەبە دوای دووشکستی بەدوای یەک بە 56 خاڵ لە ریزبەندی چوارەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت.