بڕوا بکەی یان نا؛ تەمەنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ 29 ساڵە نەوەک 40 ساڵ!

یاریگا –
بەگوێرەی چەند پشکنینێکی پزیشکی بۆ جەستەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، دەرکەوتووە ئەو هێرشبەرە پۆرتوگاڵییە تەمەنی 29 ساڵە، نەوەک 40 ساڵ.
رۆژنامەی ریکۆردی پۆرتوگالی ئاشکرایکردووە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە تاقیکردنەوەیەکی بۆ ئامێرەکانی Whoop چەند پشکنینێکی زانستی و پزیشکی بۆ جەستەی کراوە، دەرکەوتووە ئەو هێرشبەرە پۆرتوگالییە 11 ساڵ لە تەمەنی خۆی گەنجترە، دوای ئەوەی پشکنین بۆ لێدانی دڵ و توانای جەستەیی کراوە، دەرکەوتووە تەمەنی 28.9 ساڵە.
کۆمپانیای Whoop کە کۆمپانیایەکی بواری تەکنەلۆژیایە، لەو ڤیدیۆیەی بڵاوکراوەتەوە پشکنین بۆ تەندروستی و جەستەی رۆناڵدۆ دەکات، لە رووی بایۆلۆجی و فسیۆلۆجیاوە پشکنین بۆ توانای جەستەیی کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەکات، کە بەگوێرەی درەنجامەکان دۆن تەمەنی 29 ساڵە، لەکاتێکدا لە بنەڕەتدا رۆناڵدۆ سێ مانگ لەمەوبەر تەمەنی بووە 40 ساڵ.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ کە هەمیشە گرنگی بە خواردن و خەوتن و لایف ستایلی خۆی دەدات، دوای دەرکەوتنی ئەنجامی پشکنینەکانی تووشی سەرسوڕمان دەبێت و دەڵێت :’من ناتوانم بڕوا بکەم هێندە باشم، من تەمەنم 28.9 ساڵە؟ کەواتە دەتوانم تاوەکو 10 ساڵی دیکەش لە یاریکردن بەردەوام بم.
ئەو ئامێرەی کۆمپانیای Whoop دروستیکردووە، هەڵسەنگاندن و پشکنین بۆ 140 کردار و هەڵسوکەوتی مرۆڤ دەکات، بۆ ئەوەی لەبارەی توانای جەستەیی ئەو مرۆڤە بڕیار بدات و دەرەنجامەکان بخاتە ڕوو، کە چەند زانایەک ئامێرەکەیان بۆ ئاست و توانای جەستەیی مرۆڤ دروستکردووە.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ 5ـی فێبرایەر/شوباتی 1985 لە مادێرا لەدایکبووە و تەمەنی گەیشتووەتە 40 ساڵ، تاوەکو ئێستا لە یاریکردن بەردەوامە و هێشتا وادەی وازهێنانی لە یاریکردن دیار نییە.