بارسێلۆنا لەبارەی گەڕانەوەی نێیمار بۆ ریزەکانی یانەکەی بڕیاری خۆی دا

یاریگا –
بارسێلۆنا لەبارەی گەڕانەوەی نێیمار بۆ ریزەکانی یانەکەی بڕیاری خۆی دا، کە هەشت ساڵ لەمەوبەر هێرشبەرە بەڕازیلییەکە یانە ئیسپانییەکەی بەجێهێشت.
رۆژنامەی سپۆرت ـی کەتەلۆنی ئاشکرایکردووە، بارسێلۆنا خۆی یەکلاکردووەتەوە و بەهیچ شێوەیەک نێیمار داسیلڤا ناگەڕێنێتەوە یانەکەی، کە هاوینی 2017 ئەو یاریزانە بەڕازیلییە گرێبەستەکەی بەرامبەر 222 ملیۆن یۆرۆ هەڵوەشاندەوە و بارسێلۆنای بەرەو پاریس سانجێرمان بەجێهێشت.
رۆژنامە کەتەلۆنییەکە رایگەیاندووە، بارسێلۆنا بەهۆی زۆری پێکانەکانی نێیمار و درەوشانەوەی لامین یامال، بڕیاریداوە بەیەکجاریی کەیسی گەڕانەوەی هێرشبەرە بەڕازیلییەکە دابخات، کە ئێستا لە ریزەکانی یانەی سانتۆسی بەڕازیلی یاریی دەکات و چەند جارێک دانی بەوەداناوە ئارەزوو دەکات بگەڕێتەوە ریزەکانی بلاوگرانا.
نیمۆ لەم وەرزە لەگەڵ سانتۆس لە 11 یاری 629 خولەک بەشداریی کردووە و 3 گۆڵ و 3 ئەسیستی بۆ یانە سپیپۆشەکە کردووە، کە لەوەتەی گەڕاوەتەوە یانە بەڕازیلییەکە تەنیا لە پێنج مانگی رابردوو سێ جار تووشی پێکان بووە، بە گشتی لە سەرەتای ئەم وەرزەوە لەگەڵ هیلال و سانتۆس تا ئێستا پێنج جار تووشی پێکان بووە و زیاتر لە شەش مانگ لە یاریگاکان دابڕاوە.
هێرشبەرە 33 ساڵانەکە کۆتایی مانگی داهاتوو گرێبەستەکەی لەگەڵ سانتۆس کۆتایی دێت کە سەرەتای ئەمساڵ لە هیلالی سعوودییەوە بۆ ماوەی شەش مانگ گرێبەستی لەگەڵ سانتۆس واژۆ کرد، ئێستا لە بۆرسەی یاریزانان بەهای نێیمار 15 ملیۆن یۆرۆیە.