ئیسپانیاکوردستانگرنگترین

بارسێلۆنا دوو قوتابخانەی گەورە لە هەرێمی کوردستان دەکاتەوە

دامەزراوەی بارسێلۆنا سەرپەرشتی شەش قوتابخانەی تۆپی پێی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان دەکات

Yariga App

یاریگا –

بارسێلۆنا لەڕێگەی چەند دامەزراوەیەکی تایبەتەوە قوتابخانەی تۆپی پێی کۆمەڵایەتی لە هەولێر، سلێمانی و رۆژئاوای کوردستان دەکاتەوە.

دامەزراوەی بارسێلۆنا لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردووەتەوە، بە سەرپەرشتی هاوبەشی دامەزراوەی بارسێلۆنا، رێکخراوی کازێرۆ، پەیمانگای نۆڤاکت، رێکخراوی UPP و چەند رێکخراوێکی دیکە، دەستپێشخەرییەک لەژێر ناوی ‘خولی هیوا’ بۆ خزمەتکردنی ئاشتی لە ناوچەکە دەستیپێکردووە.

پڕۆژەکە لە هەرێمی کوردستان و باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا (رۆژئاوای کوردستان) جێبەجێدەکرێت.

ئامانجی سەرەکی پڕۆژەکە بریتییە لە بەرەوپێشبردنی یەکگرتوویی کۆمەڵگە و رێگریکردن لە ململانێی توندوتیژی نێو نەوەکانی داهاتوو.

دەستپێشخەرییەکە بریتییە لە دروستکردنی چەند قوتابخانەیەکی تۆپی پێی کۆمەڵایەتی، کە پەرە بە رۆشنبیری گفتوگۆ، ئاشتی و پێکەوەژیان بدات. سەرنجی سەرەکی پڕۆژەکە لەسەر منداڵ و مێردمنداڵانە بە تایبەت کچان و منداڵی کۆمەڵگا پشتگوێخراوکان وەکو پەنابەر، دانیشتوانی گوند و کەمینە نەتەوەییەکان.

لە مانگی ئەپریل/نیسانی رابردوودا، ئۆلیگەر پرێساس، یاریزانی پێشووی یانەی بارسێلۆنا و ئەندامی رێکخراوی لا کازێرۆ، سەردانی هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستانی کرد.

لەو سەردانەیدا، سەرپەرشتی چەند راهێنانی قوتابخانەکانی تۆپی پێی کۆمەڵایەتی کرد. سەردانەکە بووە دەستپێکی جێبەجێکردنی دەستپێشخەرییەکە.

قوتابخانەکانی تۆپی پێی کۆمەڵایەتی لە کوێ کراونەتەوە؟

تاوەکو ئێستا شەش قوتابخانەی تۆپی پێی کۆمەڵایەتی لە شەش شاری جیاواز کراونەتەوە؛

  • هەرێمی کوردستان: هەولێر و سلێمانی
  • باکووری رۆژهەڵاتی سووریا: کۆبانێ، حەسەکە، تربەسپی و رەقە

لە 25ی یۆنیۆ/حوزەیرانی 2025 تاوەکو ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەمی ساڵی 2026 گروپی جیاوازی خاوەنانی دەستپێشخەرییەکە  سەردانی شوێنەکان دەکات.

قوتابخانەی تۆپی پێی کۆمەڵایەتی چییە؟

قوتابخانەکانی تۆپی پێی کۆمەڵایەتی دامەزراوەی وەرزشین، چەندین پڕۆگرامی وەرزشی تۆپی پێ پێشکەشی گەنجان و کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو دەکەن.

ئامانجی قوتابخانەکە فێرکردن و راهێنانی منداڵان و گەنجانە لەسەر سکیڵەکانی تۆپی پێ، باشترکردنی دۆخی جەستەیی و وەرزشی. هەروەها دروستکردنی خەسڵەتی سەرکردە و کۆمەڵایەتییە.

بابەتی زیاتر

Back to top button