فیفا سیستمێکی تایبەتی نرخدادان بۆ مۆندیالی 2026 پەیڕەو دەکات
بزانە بە چەند دۆلار دەبیتە خاوەن بلیتی یارییەکان؟ سیستمەکە لە بەرژەوەندی هاندەرانە؟

یاریگا –
فێدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی ‘فیفا’ پلانی فرۆشتنی بلیتی یارییەکانی مۆندیالی 2026ی یەکلاییکردووەتەوە و سیستمێکی تایبەتی نرخدانانی ئامادەکردووە.
تاوەکو ئێستا تەنیا بلیتی هۆسپیتاڵتی بۆ یارییەکانی مۆندیالی داهاتوو بەشێوەیەکی فەرمی بەردەستن. فیفا چەند پاکێجێکی هۆسپیتاڵتی بۆ مۆندیالی 2026 خستووەتەبەردەست. هەرزانترین پاکێج بۆ یەک کەس لە 3500$ دۆلار دەستپێدەکات و گرانترینی دەگاتە 73,200$ دۆلار.
تۆڕی ئاتلێتیک لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگاداری نێو فیفا بڵاویکردووەتەوە، فیفا دەیەوێت بلیتی یارییەکان بە سیستمی نرخی دینامیکی بفرۆشێت، واتە سیستمەکە نرخ لەسەر بنەمای خواست و خستنەڕووی بلیتەکان دادەنێت.
فیفا بڕیاریداوە بە سیستمی نرخدانانی دینامیکی بلیتی یارییەکان بفرۆشێت، لەوانەیە یەکێتییەکانی تۆپی پێی بەشدار لە مۆندیال، ئەم سیستمە نەیانگرێتەوە، بەڵکو بۆ هاندەرانی دیکە دەبێت.
لە وەڵامی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، فیفا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵ بلیتی یارییەکان لەڕێگەی وێبسایتی فیفا بەردەست دەبن، بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەکی دیکە ئاشکرا بکات.
فیفا پێشبینیدەکات، کۆی قازانجی فرۆشتنی بلیتی یارییەکانی مۆندیالی 2026 بگاتە 1.8 ملیار دۆلار. لە مارس/ئاداری رابردوودا فیفا روونیکردەوە، دەیەوێت کۆی داهاتی فێدراسیۆنەکە لە ساڵی 2022 تاوەکو 2026 بگەیەنێتە 13 ملیار دۆلار. ئەگەر لەگەڵ وادەی نێوان مۆندیالی رووسیا 2018 و مۆندیالی قەتەڕ 2022 بەراورد بکرێت، ئەوا فیفا بڕی 7.6 ملیار دۆلار قازانجی زیادکردووە.
بەشی زۆری قازانجی فرۆشتنی بلیتی یارییەکانی مۆندیال بۆ فیفایە، نەک بۆ لیژنەی رێکخستنی مۆندیال لەو شارانەی یارییەکانی تێدا دەکرێن.
فیفا بلیتی یارییەکانی مۆندیالی یانەکانی ئەمساڵی بە سیستمی نرخدانانی دینامیکی فرۆشتووە، واتە ئەزموونی پەیداکردووە و سەرکەوتوو بووە.
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی ئاتلێتیک، سیستمەکە کاریگەری لەسەر هاندەرانی یانەکان دروستدەکات، بۆ نموونە؛
نرخی بلیتی یارییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکان کە چەندین یانەی گەورەی وەکو پاریس سانجێرمان، چێڵسی و مانچێستەر سیتی تێدایە، لە دەوروبەری 30 دۆلارە، بۆ بلیتێکی ئاسایی، بەڵام لە هەمان قۆناخدا، نرخی بلیتی یارییەکی ریال مەدرید گەیشتووەتە 100 دۆلار.