نازناوی خولی ئەستێرەکانی عێراق فرۆشراوە؟ زەوڕا داوای لێکۆڵینەوە دەکات و دهۆکیش روونکردنەوە دەدات
راهێنەری دهۆک: کەسێک داوای لێکردم لە بەرامبەر بڕێک پارە یارییەکەمان بەرامبەر شوڕتە بفرۆشین

یاریگا –
مەسعود میڕال بە لێدوانێکی سکانداڵێکی گەورەی لە تۆپی پێی عێراق وروژاندووە، راهێنەرەکەی دهۆک بە لێدوانێکی هەمووانی تووشی سەرسوڕمان کردووە، زەوڕا داوای لێکۆڵینەوە دەکات و دهۆکیش خۆی لەو لێدوانە بێبەریی دەکات.
مەسعود میڕال راهێنەری دهۆک کە دەستی لەکارکێشاوەتەوە، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی ماڵئاوایی کردنی لە لێدوانێکی ئاگرینی لەدژی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق گوتی :’فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق دەیەوێت نازناوی خولی ئەستێرەکانی عێراق بە شوڕتە بدات، کەسێک پەیوەندیی پێوە کردم داوای لێکردم لە یاریی داهاتوومان بەرامبەر شوڕتە لە بەرامبەر بڕێک پارە، خۆمان بەدۆڕان بدەین بۆ ئەوەی زەوڕا نەبێتە پاڵەوان’.
میڕال گوتیشی :’تەنانەت ئەگەر بارسێلۆنا و ریال مەدریدیش بەشداریی خولی عێراقی بکەن، نابنە پاڵەوان، تاوەکو ئەم ستافەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بمێنێت، من جارێکی دیکە بۆ راهێنەرایەتی ناگەڕێمەوە عێراق’.
دوای بڵاوبوونەوەی لێدوانەکەی میڕال، یانەی زەوڕا لە بەیاننامەیەکیدا داوای لیکۆڵینەوە و بەدواداچوونی لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق کردووە و رایگەیاندووە :’رۆژی چوارشەممە لە لێژنەی رێککاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق سکاڵا تۆمار دەکەین و داوا دەکەین لێکۆڵینەوە لە قسەکانی مەسعود میڕال بکرێت، راستییەکان ئاشکرا بکرێن و لایەنی تاوانبار سزا بدرێت’.
یانەی زەوڕا لە بەیاننامەکەیدا راشیگەیاندووە :’بەشێک لە یانەکان پارە بۆ رێگای هەڵە بەکار دەهێنن و لێژنەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق رێککاری پێویست ناگرنە بەر، بەردەوام یانەکەمان لەلایەن بەشێک لە ناوبژیوانان و بەشێک لە لێژنەکان رووبەڕووی سزای توند دەبێتەوە’.
خالید موشیر سەپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەی دهۆک، لە لێدوانێکی بۆ بەرنامەی هاتریک لە کەناڵی UTVـی عێراقی لەبارەی لێدوانەکەی راهێنەرەکەیان گوتی :’دەستەی کارگێڕی یانەی شوڕتە بەڕێزن و وەرزشوانن، بڕوا ناکەم دەستەی کارگێڕی یانەی شوڕتە هەوڵ بدات یارییەک بکڕێت، ئێمەش لەو یانانە نین یارییەکمان بە شوڕتە یان زەوڕا بفرۆشین’.
هەروەها گوتیشی :’ئێمە وەکو یانەی دهۆک پەیوەندیمان بە قسەکانی مەسعود میڕال نییە و پەیوەندیی بەخۆیەوە هەیە، ئەو دەتوانێت روونکردنەوەی زیاتر لەبارەی قسەکانی بدات، بەڵام ئێمە وەکو دەستەی کارگێڕی یانەی دهۆک و هاندەرانمان پەیوەندیمان بەو بابەتەوە نییە’.
خالید موشیر گوتیشی :’ئێمە وەکو یانەی دهۆک بە هەموو شێوەیەک دوورین لەم جۆرە شتانە، مەحاڵە بیر لەم شتانە بکەینەوە و ئەم جۆرە قسانە بکەین، کاپتن مەسعود میڕال بەهیچ شێوەیەک ئەم بابەتەی لەگەڵ ئێمە باس نەکردووە، من دوای کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە گوێم لێ بوو، ئێمە پێنج یاریی دواخراومان هەیە، مەعقوڵە بێم کارێک بکەم بۆ ئەوەی شوڕتە نازناوەکە بباتەوە’.
مەسعود میرال: ریال مەدرید و بارسێلۆناش لە خولی عێراقی یاریی بکەن نابنە پاڵەوان
دوای 34 گەڕ زەوڕا و شوڕتە بە کۆکردنەوەی 74 خاڵ پێشەنگی خولی ئەستێرەکانی عێراقیان گرتووە و زەوڕا بە جیاوازیی گۆڵ پلەی یەکەمە، بەڵام شوڕتە یارییەکی دواخراوی ماوە و رۆژی شەممەی داهاتوو یارییە دواخراوەکەی بەرامبەر دهۆک دەکات و دەبێتە میوانی هەڵۆیەکانی چیا، زاخۆ بە 63 خاڵ پلەی سێیەمە، قوە جەوییە و تەڵەبەش بە 56 خاڵ چوارەم و پێنجەمن، نەفت بە 52 خاڵ شەشەمە و دهۆکیش بە 51 خاڵ حەفتەمە کە پێنج یاریی دواخراوی ماوە.