زانیاری نوێ؛ بۆچی پڕۆسەی گواستنەوەی کارێراس بۆ مەدرید وەستاوە؟
ریال مەدرید چەند بژاردەیەکی دیکەشی هەیە...

یاریگا –
ریال مەدرید گفتوگۆکانی لەگەڵ بێنفیکا بۆ گواستنەوەی ئالڤارۆ کارێراس چڕکردووەتەوە.
تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، یانە پۆرتوگالییەکە داوای بڕی 50 ملیۆن پاوەند بۆ دەستبەرداربوون لە تواناکانی کارێراس دەکات و ریال مەدرید تاوەکو ئێستا ئامادەنییە ئەو بڕە پارەیە خەرجبکات.
یاریزانی 22 ساڵان چاوی لە پەیوەندیکردنە بە ریال مەدرید و دوای یاریی کۆتایی جامی پۆرتوگال کە بڕیارە یەکشەممەی داهاتوو بەرامبەر سپۆڕتینگ لیسبۆن بکرێت، بە تەواوی خۆی بۆ گواستنەوەکە تەرخان دەکات.
ریال مەدرید دەیەوێت کارێراس بەر لە مۆندیالی یانەکان بگوازێتەوە و لەگەڵ دەستبەکاربوونی چابی ئاڵۆنسۆ، مەشقەکان دەستپێبکات.
ریال مەدرید سوورە لەسەر گواستنەوەی بەرگریکارێکی باڵی چەپ، هەریەکە لە میلۆس کێرکێس، بەرگریکاری بۆرنمس و ئالێخاندرۆ گریمالدۆ، بەرگریکاری بایەر لیڤەرکوزن لە لیستی چاودێریکردنی مەدریدن. میگێل گوتیرێز، بەرگریکاری جیڕۆنا بژاردەیەکی دیکەی ریال مەدرید، چونکە بەهاکەی تەنیا هەشت ملیۆن یۆرۆیە و پێشتر یاریی بۆ مەدرید کردووە.
کارێراس لە ساڵانی 2017 تاوەکو 2020 لە ئەکادیمیای ریال مەدرید یارییکردووە، بەڵام هەرگیز یاریی بۆ تیمی یەکەم نەکردووە و دواتر پەیوەندی بە مانچێستەر یونایتد کرد.
بەرگریکارە ئیسپانییەکە هیچ یارییەکی بۆ تیمی یەکەمی مان یونایتدیش نەکرد، دوو جار بە خواستن یاریی بۆ یانەکانی پریستن نۆرس ئێند و گرانادا کرد، دواتر لە مێرکاتۆی زستانەی ساڵی 2024 بە خواستن پەیوەندی بە بێنفیکا کرد و دوای تەواوبوونی وەرزەکە، بێنفیکا بە شەش ملیۆن یۆرۆ گرێبەستەکەی کردە هەمیشەیی.
مان یونایتد خاڵێکی بۆ کڕینەوەی یاریزانەکەی بە 18 ملیۆن یۆرۆ هەیە، بۆیە لە ئەگەری گواستنەوەی بۆ مەدرید، بەشێک پارە بۆ مان یونایتدیش دەبێت.
کارێراس 65 یاریی بۆ بێنفیکا کردووە، خاوەنی پێنج گۆڵ و شەش ئەسیستە. لەگەڵ یانە پۆرتوگالییەکە جامی پۆرتوگال، خولی پۆرتوگالی بردووەتەوە.