
یاریگا –
راهێنەری دهۆک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رۆیشتنی خۆی لە یانەی دهۆک دووپاتکردەوە و گوتی :’ریال مەدرید و بارسێلۆناش لە خولی عێراقی یاریی بکەن نابنە پاڵەوان، من لە دهۆک دەڕۆم’.
مەسعود میرال، راهێنەری یانەی دهۆک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وازهێنانی خۆی لە ئەرکی راهێنەرایەتی یانەی دهۆک دووپاتکردەوە و گوتی :’فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق داوایان لە من کرد داوای لێبوردن بکەم بەهۆی ئەو قسانەی کردبووم، بەڵێنیان پێدام ئەگەر داوای لێبوردن بکەم ماوەی سزادانەکەم بۆ دوو یاریی کەم بکەنەوە، بەڵام من رەتمکردەوە و پێمگوتن ئێوە دز و ساختەچین’.
راهێنەرەکەی دهۆک گوتیشی :’من ناڵێم هەرگیز ناگەڕێمەوە دهۆک و عێراق، بەڵام تاوەکو ئەم فیدراسیۆنە لە عێراق بمێنێت، من ناگەڕێمەوە، دهۆک وەکو بەهەشت وایە، خەڵکی دهۆک گەلەک شتیان پێشکەشی من کردووە، من بڕیارم داوە پێش ئەوەی لە عێراق بڕۆم، سەردانی ئاکرێ و زاخۆ دەکەم’.
گوتیشی :’من کۆتایی ئەم وەرزە گرێبەستەکەم کۆتایی دەهات، بۆیە دەستلەکار دەکێشمەوە و دەڕۆم، منیش مرۆڤم و هەستم هەیە، هەموو ئامانج و هەوڵێکم ئەوە بوو یاریزانەکانم باشتر بن، من لەسەر هەموو شتێک شەڕ دەکەم، بۆ باشترکردنی هەر شتێک شەڕ دەکەم’.
مەسعود میرال هاوینی رابردوو ئەرکی راهێنەرایەتی یانەی دهۆکی گرتە دەست و نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداوی لەگەڵ هەڵۆیەکانی چیا بەرزکردەوە.