چاڤی سیمۆنز دوای شەش ساڵ خەون بەوە دەبینێت بگەڕێتەوە بارسێلۆنا

یاریگا –
چاڤی سیمۆنز دەیەوێت شەش ساڵ دوای بەجێهێشتنی بارسێلۆنا بگەڕێتەوە ئەو یانەیە و درێسی تیپی یەکەمی یانەکە بپؤشێت، بەڵام گەرچی رۆیشتنی ناوەڕاستکارە لاوەکە لە لایپزیگ مسۆگەرە، هێشتا روون نییە لەم هاوینە روودەکاتە چ یانەیەک.
فابریزیۆ رۆمانۆ رۆژنامەنووسی ئیتاڵی لە ماڵپەڕی CaughtOffsideـی بەریتانی ئاشکرایکردووە، چاڤی سیمۆنز ناوەڕاستکاری 22 ساڵانی لایپزیگ خەون بەوە دەبینێت بگەڕێتەوە ریزەکانی بارسێلۆنا، کە شەش ساڵ لەمەوبەر لە تەمەنی 16 ساڵی تیپی لاوانی بلاوگرانای بەجێهێشت و روویکردە پاریس سانجێرمان.
🚨 EXCLUSIVE 🚨@FabrizioRomano has provided us with an update on Xavi Simons, with the PL looking like a serious possibility for the Dutch talent.
Full story to follow… pic.twitter.com/SteMaAlRLv
— CaughtOffside (@caughtoffside) May 20, 2025
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆمانۆ، سیمۆنز بە لایپزیگی راگەیاندووە دەیەوێت ئەم هاوینە یانەکە بەجێبهێڵێت و ئالنگارییەکی نوێ تاقیبکاتەوە، بەڵام ئەو یاریزانە 22 ساڵانە دەیەوێت بگەڕێتەوە بارسێلۆنا، بەڵام بەهۆی ئەوەی لایپزیگ لە بەرامبەر دەستبەرداربوونی لە سیمۆنز داوای 70 بۆ 75 ملیۆن یۆرۆ دەکات و بارسێلۆنا قەیرانی دارایی هەیە، ئەستەمە لەم هاوینە ئەم خەونەی سیمۆنز بێتە دی.
بایرن میونشن ئەگەر نەتوانێت فلۆریان فیرتز بگوازێتەوە ریزەکانی، روو لە گواستنەوەی چاڤی سیمۆنز دەکات، بەڵام بە ئەگەرێکی زۆر فیرتز دەبێتە باڤاری و وەرزی داهاتوو درێسی بایرن میونشن دەپۆشێت، بۆیە بە ئەگەرێکی زۆر یاریزانە لاوەکەی لایپزیگ روودەکاتە یانەیەکی پرێمەرلیگ.
سیمۆنز لەم وەرزە بە درێیس لایپزیگ لە 33 یاری 11 گۆڵ و 8 ئەسیستی کردووە، لە بۆرسەی یاریزانان بەهایەکەی 70 ملیۆن یۆرۆیە و تاوەکو هاوینی 2027 گرێبەستی لەگەڵ یانە ئەڵمانییەکە ماوە، کە پێشتر درێسی یانەکانی ئایندهۆڤن و پاریس سانجێرمانیشی پۆشیوە.