لاپۆرتا لەبارەی گواستنەوەی ئەستێرەیەکی گەورە؛ هیچ شتێک مەحاڵ نییە
سەرۆکی بارسێلۆنا سەرەڕای قەیرانی قووڵی دارایی، باس لە گواستنەوەی سوپەرەکان دەکات

یاریگا –
خوان لاپۆرتا، سەرۆکی بارسێلۆنا دوای بەدەستهێنانی سێ نازناو، ئێستا چاوی لە گواستنەوەی ئەستێرەی گەورەیە، سەرەڕای قەیرانی قووڵی داراییە یانە کاتالوونییەکە.
ئێرلینگ هالاند، گۆڵکاری مانچێستەر سیتی و نەرویج، یەکێکە لە ئامانجە گەورەکانی بارسێلۆنا، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە، بارسا هیچ هەنگاوی بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە نەناوە.
لە هاوینی رابردوودا، سەرەڕای کێشەکانی دارایی، چەندین راپۆرت باسیان لە زیادبوونی ئەگەری گواستنەوەی هالاند بۆ بارسا کرد، تەنانەت رۆژنامەی سپۆرت ئەوکاتە بڵاویکردەوە، لاپۆرتا لە گواستنەوەی هالاند پەلە ناکات و دەیەوێت بیکاتە دیاریی دووبارە نۆژەنکردنەوەی یاریگای کامپ نو.
دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆکانی گواستنەوەی هالاند بۆ بارسا، مانچێستەر سیتی گرێبەستی هالاندی بۆ ماوەی 10 ساڵ نوێکردەوە و ئەستێرە نەرویجییەکە تاوەکو هاوینی ساڵی 2034 لە سیتی دەمێنێتەوە.
سەرەڕای هەنگاوە گەورەکەی مان سیتی، لاپۆرتا تاوەکو ئێستاش دەستبەرداری هیوای گواستنەوەی هالاند نەبووە و دەڵێت؛ مەحاڵ نییە.
لە چاوپێکەوتنێکی لاپۆرتا لەگەڵ کەناڵی TV3ی ئیسپانی روونیکردەوە؛
بارسێلۆنا دەتوانێت ئێرلینگ هالاند بگوازێتەوە؟ هیچ شتێک مەحاڵ نییە، بەڵام ئێستا بیر لەو گواستنەوەیە ناکەینەوە، چونکە بەمدوواییە گرێبەستەکەشی نوێکردووەتەوە.
بارسێلۆنا کە نازناوەکانی جامی سوپەری ئیسپانیا، جامی شای ئیسپانیا و لالیگای ئەم وەرزەی بردووەتەوە، 25ی ئەم مانگە دوا یاریی ئەم وەرزە بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو دەکات.