لیڤەرپوول و مانچێستەر سیتی کێبڕکێ لەسەر ئامانجی پێشووی ریال مەدرید دەکەن
مان سیتی و لیڤەرپوول سێ ئامانجی هاوبەشییان هەیە....

یاریگا –
مانچێستەر سیتی لەپڕ چووەتە نێو رکابەرییەکانی گواستنەوەی ئامانجێکی لیڤەرپوول.
لیڤەرپوول ماوەیەکە کار لەسەر گواستنەوەی میلۆس کێرکێز، بەرگریکاری باڵی چەپی بۆرنمس دەکات، بەڵام رۆژنامەی I Paper بڵاویکردووەتەوە، مانچێستەر سیتی بە توندی چووەتە نێو رکابەرییەکان و هاوکێشەکەی ئاڵۆز کردووە.
بەگوێرەی رۆژنامە ئایرلاندییەکە، مان سیتی ئامادەیە بڕی 45 ملیۆن پاوەند بۆ گواستنەوەی کێرکێز خەرجبکات، ئەمەش پڕۆسەی گواستنەوەی بۆ لیڤەرپوول پەکدەخات.
هەفتەی رابردوو، بەرپرسانی باڵای لیڤەرپوول گفتوگۆیان لەگەڵ نوێنەری یاریزانەکە کردووە، کێرکێز دەیەوێت پەیوەندی بە رێدز بکات و راپۆرتەکانی رۆژنامەوانی ئینگلتەرا، باس لە نەبوونی ئۆفەری فەرمی لیڤەرپوول بۆ بۆرنمس دەکەن، ئەمەش رێگەی بۆ مان سیتی خۆشکردووە، تاوەکو هەنگاوی فەرمی لەگەڵ یاریزان و یانەکە دەستپێبکات.
هوگۆ ڤیانا، بەڕێوەبەری وەرزشی نوێی مانچێستەر سیتی زۆر بە کێرکێز سەرسامە و لەگەڵ پێپ گواردیۆلا گەیشتوونەتە بڕیاری گواستنەوەی بۆ یاریگای ئیتیحاد.
گرێبەستی کێرکێز لە هاوینی ساڵی 2028 لە بۆرنمس بەسەردەچێت و مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بریتییە لە 45 ملیۆن پاوەند.
جۆرێل هاتۆ، بەرگریکاری باڵی چەپی ئەیاکس ئەمستردام، یەکێکی دیکە لە ئامانجی هاوبەشی مان سیتی و لیڤەرپوول، لە لایەکی دیکەشەوە، مان سیتی لە کێبڕکێی گواستنەوەی فلۆریان ڤیرتز، ئەستێرەی بایەر لیڤەرکوزن کشاوەتەوە، ئێستا تەنیا لیڤەرپوول و بایرن میونشن لە بازنەی کێبڕکێدا ماون.
لیڤەرپوول هەوڵی گواستنەوەی دین هاوسنیدا، بەڵام ریال مەدرید زوو گورزی خۆی وەشاند و بە 58 ملیۆن پاوەند گواستیەوە ریزەکانی.