راپۆرتی تایبەت؛ کێ باڵۆن دۆری 2025 بەدەست دەهێنێت؟
ژمارە و دەستکەوتەکانی بەربژێرەکانی باڵۆن دۆری ئەمساڵ

یاریگا –
رۆژی 22ـی سێپتێمبەر/ئەیلوولی 2025 رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی باڵۆن دۆر لە پاریس ساز دەکرێت، سەرەتای مانگی ئۆگێست/ئاب ناوی بەربژێرەکانی خەڵاتەکانی باڵۆن دۆر ئاشکرا دەکرێن، ئێستا دوای نزیکبوونەوەی کۆتایی ئەم وەرزە هەمووان دەپرسن کێ باڵۆن دۆری ئەم وەرزە دەباتەوە؟
ماڵپەڕی GOALـی جیهانی هەڵسەنگاندنی بۆ بەربژێرەکان کردووە و ریزبەندیی 20 بەربژێری باڵۆن دۆری 2025ـی بڵاوکردووەتەوە، کە بەگوێرەی هەڵسەنگاندنەکانی ماڵپەڕە جیهانییەکە، عوسمان دێمبلی بەربژێری سەرەکییە بۆ ئەوەی باڵۆن دۆری ئەمجارە بباتەوە، کە رۆدری ناوەڕاستکاری ئیسپانی یانەی مانچێستەر سیتی باڵۆن دۆری ساڵی رابردووی بردەوە.
کاتی رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی باڵۆن دۆری 2025 ئاشکرابوو
1- عوسمان دێمبێلێ (یاریزانی فەرەةسی یانەی پاریس سانجێرمان)
عوسمان دێمبێلێ لە وەرزی 2024/2025 لەگەڵ پاریس سانجێرمان نازناوی خول و جامی خولی فەرەنسی بەدەستهێناوە و لەگەڵ یانەکەی گەیشتووەتە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ.
دێمبێلێ لەم وەرزە لەگەڵ پاریس لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان لە 47 یاری 33 گۆڵ و 13 ئەسیستی کردووە و کاریگەرترین یاریزانی یانەکەیەتی، کە هەنگاوێک دوورە بۆیەکەمجار لە مێژوودا نازناوی چامپیۆنزلیگ بۆ پاریس بەدەست بهێنێت.
2- لامین یامال (یاریزانی ئیسپانی یانەی بارسێلۆنا)
لامین یامال ئەم وەرزە لەگەڵ بارسێلۆنا دەدرەوشێتەوە، ئەم هێرشبەرە لاوە ئیسپانییە لەگەڵ یانەکەی لەم وەرزەدا سێ نازناوی بەدەستهێنا و لە پێش کۆتایی ماڵئاواییان لە چامپیۆنزلیگ کرد.
هێرشبەرە 17 ساڵانەکەی بارسا لەم وەرزە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان لە 54 یاری 18 گۆڵ و 25 ئەسیستی کردووە، یامال نازناوی لالیگا و جامی شا و سوپەری ئیسپانیای لەگەڵ بلاوگرانا بەرزکردەوە، یامال دەیەوێت لە مێژووی 70 ساڵەی باڵۆن دۆر ببێتە یەکەم یاریزان تەمەنی لە خوار 21 ساڵان بێت خەڵاتەکە بباتەوە.
3- رافینیا (یاریزانی بەڕازیلی یانەی بارسێلۆنا)
رافینیا یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی تیپەکەی هانزی فلیک کە ئەم وەرزە ئەو هێرشبەرە بەڕازیلییە سێ نازناوی لەگەڵ بارسێلۆنا بەدەستهێنا و پێشەنگی گۆڵکارانی چامپیۆنزلیگیشە.
رافینیا ئەم وەرزە گەیشتە ترۆپکی ئاستی خۆی لە کاروانی وەرزشیدا، هێرشبەرە 28 ساڵانەکە نازناوی لالیگا و جامی شا و سوپەری ئیسپانیای بەرزکردەوە و لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان لە 56 یاری بەشداریی 59 گۆڵی کردووە، 34 گۆڵ و 25 ئەسیستی بە درێسی بارسا کردووە.
رافینیا لە قۆناخی پێش کۆتایی ماڵئاوایی لە چامپیۆنزلیگ کرد، بەڵام لە 14 یاری 13 گۆڵی کردووە و پێشەنگی گۆڵکارانی خولەکەی گرتووە.
4- جیانلویجی دۆنارۆما (گۆڵپارێزی ئیتاڵی یانەی پاریس سانجێرمان)
دۆنارۆما ئەم وەرزە یەکێک بوو لە هۆکارە سەرەکییەکانی سەرکەوتنی پاریس سانجێرمان بۆ یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، ئەم گۆڵپارێزە ئیتاڵییە بەربژێرە بۆ ئەوەی دوای 62 ساڵ جارێکی دیکە گۆڵپارێزێک خەڵاتی باڵۆن دۆر بباتەوە، کە لێڤ یاشین دوایین گۆڵپارێز بوو ئەم خەڵاتەی بردبێتەوە.
دۆنارۆما لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ لە لێدانە یەکلاکەرەوەکان رۆڵێکی یەکلاکەرەوەی لە سەرکەوتنی پاریس هەبوو، بەرامبەر ئاستۆن ڤیلا و ئارسیناڵیش بە هەمان شێوە بە پارێزگاریکردن لە گۆڵەکەی توانی یانەکەی بگەیەنێتە یاریی کۆتایی.
جیانلویجی لەم وەرزە نازناوی خول و جامی خولی فەرەنسی بەدەستهێناوە و لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان لەگەڵ پاریس لە 39 یاری 12 کلین شیتی تۆمارکردووە و 39 گۆڵیشی لێکراوە.
5- محەمەد سەڵاح (یاریزانی میسری یانەی لیڤەرپوول)
محەمەد سەڵاح لەسەر ئاستی تاکە کەسی یەکێک لە باشترین وەرزەکانی کاروانی وەرزشی خۆی بەڕێکرد، ئەم هێرشبەرە میسرییە لەگەڵ لیڤەرپوول لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان لە 51 یاری بەشداریی 56 گۆڵی کردووە، 33 گۆڵ و 23 ئەسیستی بۆ رێدز کردووە.
فیرعەونە میسرییەکە لەم وەرزەی پرێمەرلیگ لە 37 یاری 28 گۆڵ و 18 ئەسیستی کردووە و پێشەنگی گۆڵکارانی خولەکەی گرتووە، سەڵاح نازناوی پرێمەرلیگی لەگەڵ رێدز بردەوە.
6- پێدری (یاریزانی ئیسپانی یانەی بارسێلۆنا)
پێدری یەکێکە لە یاریزانە کاریگەرەکانی بارسێلۆنا، ئەم ناوەڕاستکارە ئیسپانییە وەکو سەربازێکی ون لە پشتەوەی سەرکەوتنەکانی ئەم وەرزەی بلاوگرانا بوو، لەم وەرزە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان بە درێسی بارسا لە 58 یاری 6 گۆڵ و 8 ئەسیستی کردووە.
پێدری لەم وەرزە سێ نازناوی لەگەڵ بارسێلۆنا بەرزکردەوە و یەکێک بوو لە چەکە کاریگەرەکانی هانزی فلیک بۆ بەدەستهێنانی نازناوی لالیگا و جامی شا و سوپەری ئیسپانیا.
7- هاری کەین (یاریزانی ئینگلیزی یانەی بارسێلۆنا)
هاری کەین هێرشبەری بایرن میونشنی ئەڵمانی لەم وەرزە لەگەڵ یانەکەی لە 46 یاری 36 گۆڵ و 13 ئەسیستی کردووە و وەرزێکی مێژوویی بەڕێکرد.
هێرشبەرەکەی باڤارییەکان بۆیەکەمجار لە کاروانی وەرزشی خۆیدا نازناوێکی بردەوە و ئەم وەرزە نازناوی بۆندسلیگای بەدەستهێنا، بە تۆمارکردنی 26 گۆڵ بووە گۆڵکاری خولەکە، لە چامپیۆنزلیگیش لەم وەرزە لە 13 یاری 11 گۆڵی کرد.
8- کیلیان ئێمباپێ (یاریزانی فەرەنسی یانەی ریال مەدرید)
کیلیان ئێمباپێ لە یەکەم وەرزی بە درێسی ریال مەدرید لە 54 یاری بەشداریی 44 گۆڵی کرد، هێرشبەرە فەرەنسییەکە 40 گۆڵ و 4 ئەسیستی بە درێسی مێرەنگی کردووە.
ئێمباپێ کە بە تۆمارکردنی 29 گۆڵ پێشەنگی گۆڵکارانی لالیگای گرتووە، جامی سوپەری ئەوروپا و جامی کیشوەری یانەکانی لەگەڵ لۆس بلانکۆس بەرزکردووەتەوە، بەڵام لە قۆناخی چارەکی کۆتایی ماڵئاواییان لە چامپیۆنزلیگ کرد و نازناوی لالیگاشیان لەدەست دا.
9- لاوتارۆ مارتینێز (یاریزانی ئەرجەنتینی ئینتەر میلان)
لاوتارۆ لەم وەرزە لەگەڵ ئینتەر میلان لە 48 یاری 22 گۆڵ و 7 ئەسیستی کردووە و لەگەڵ نێرادزۆری گەیشتووەتە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، مارتینێز لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ لە 13 یاری 9 گۆڵی کردووە.
لاوتارۆ لەگەڵ ئینتەر هیچ نازناوێکی لەم وەرزە بەدەست نەهێناوە، بەڵام نزیکە لەگەڵ ئینتەر ببێتە پاڵەوانی ئەوروپا.
10- رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی (یاریزانی پۆڵەندی یانەی بارسێلۆنا)
لیڤاندۆڤسکی گەرچی تەمەنی گەیشتووەتە 36 ساڵ، بەڵام لەم وەرزە لەگەڵ بارسێلۆنا لە 51 یاری 40 گۆڵ و 3 ئەسیستی کردووە و وەرزێکی نایابی لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکە بەڕێکرد.
لیڤا سێ نازناوی لەگەڵ بارسێلۆنا بەدەستهێناوە و دەیەوێت بۆیەکەمجار خەڵاتی باڵۆن دۆر بباتەوە، کە ساڵی 2020 بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا خەڵاتەکەی پێنەدرا و ساڵی رابردووش لیڤا ناوی لە لیستی کۆتایی بەربژێرەکان نەبوو.