شەش یانە داوای ئێنکونکو دەکەن و یانەیەکی لەندەنی نزیکترینە
رۆژنامەی سەن دوایین پەرەسەندنەکان ئاشکرا دەکات

یاریگا –
کریستۆفەر ئێنکونکو، هێرشبەری چێڵسی بووەتە جێی گرنگیپێدانی شەش یانەی گەورە.
هێرشبەری فەڕەنسی لە هاوینی ساڵی 2023 بەبڕی 52 ملیۆن پاوەند لە لایپزیگەوە پەیوەندی بە چێڵسی کرد.
رۆژنامەی سەن بڵاویکردووەتەوە، ئارسیناڵ لە سەرووی ئەو یانانەیە کە چاویان بڕیوەتە ئێنکونکو، بەڵام هیچ هەنگاوێکی فەرمی نەناوە.
میکێل ئارتێتا، راهێنەری ئارسیناڵ سوورە لەسەر گواستنەوەی هێرشبەرێکی گۆڵکار، تاوەکو کێشەکانی هێڵی پێشەوەی چارەسەر بکات.
جیا لە ئارسیناڵ، پێنج یانەی دیکەش بۆ گواستنەوەی ئێنکونکو لەسەرهێڵن.
مانچێستەر یونایتد لە مێرکاتۆی زستانەی رابردوودا، هەوڵی گواستنەوەی هێرشبەرە فەڕەنسییەکەیدا و دەیەوێت لە هاوینی داهاتووشدا، هەمان سیناریۆ دووبارە بکاتەوە.
روبن ئامۆریم، راهێنەری مان یونایتد زۆر بە تواناکانی کریستۆفەر سەرسامە و پێی وایە، ئەزموونی دوو وەرزی رابردووی لە پرێمەرلیگ، پاڵنەرێکی گەورەیە بۆ درەوشانەوەی لە ئۆڵدترافۆرد.
رۆژنامەکە روونیکردووەتەوە، لیڤەرپوول یەکێکی دیکەیە لە گرنگیپێدەران، چونکە ئارنە سڵۆت لە ئاستی سەرەڕمەکانی تیمەکەی تەواو رازینییە.
هەریەکە لە یانەکانی وێستهام یونایتد و پاریس سانجێرمان و ئاتلێتیکۆ مەدریدیش خۆیان بۆ گواستنەوەی ئێنکونکو لەبۆسە ناوە.
ئێنکونکو لە ماوەی دوو وەرزدا تەنیا 38 یاریی بۆ چێڵسی کردووە و تەنیا شەش گۆڵی کردووە، ئەمە لە کاتێکدایە لەگەڵ لایپزیگ لە کۆی 119 یارییدا خاوەنی 47 گۆڵ بوو.