گواردیۆلا دەیەوێت گریلیش بەڕێبکات

پێپ گواردیۆلا چاوی لەوەیە جاک گریلیش بفرۆشێت پاش بێ هێوابوون لەوەی ئەو یاریزانە بتوانێت سوودی بۆ یانەکە هەبێت.
جاک دووهەم گرانبەهاترین یاریزانی مێژووی پریمەرلیگە کاتێک بە 117 ملیۆن یۆرۆ لە ئەستۆن ڤیلاوە گوێزرایەوە بۆ ستیزن بەڵام چوار ساڵ تێپەڕیووە و هێشتا گریلیش ئەو ئاستە پێشکەش ناکات کە لێی چاوەڕوان دەکرا.
بەگوێرەی میرۆر، بانگهێشتنەکردنی گریلیش بۆ یاری کۆتایی جامی ئینگلتەرا پەیامێکی روونە کە چیتر ئەو یاریزانە جێگەی نابێتەوە لە یانەکەدا.
گواردیۆلا دوای یارییەکە پرسیاری ئەو یاریزانەی لێکرا و لە وەڵامدا وتی
من خۆم قسەم لەگەڵ نەکردووە لەسەر داهاتوویی. ئەو بابەتە بەڕێوبەرانی یانەکە لەگەڵ بریکارەکان یەکلای دەکەنەوە، ئیتر هەرچیەک روویدا، روویدا
سەبارەت بە کەمی خولەکەکانی یاریکردنی ئەو یاریزانەش وتی
ئەوە تەنها پەیوەست نیە بەوەوە، تەواوی یاریزانەکانم و هەروەها لە هەموو یانەکانیش کەس نیە دڵخۆش بێت بەوەی یاری نەکات.
گریلیش تەنها دوو ساڵ لە گرێبەستەکەی ماوە لەگەڵ مان سیتی، هەر بۆیە یانەکە دەیەوێت لەم هاوینەدا بیفرۆشێت بۆ ئەوەی بتوانن بەشێک لەو پارە خەیاڵییە بەدەست بهێننەوە کە خەرجیان کردووە. مووچە بەرزەکەشی کێشەیەکی دیکەیە کە وا دەکات فرۆشتنی ئاسان نەبێت.
جاک لەم وەرزەدا تەنها لە حەوت یاری پریمەرلیگ بەشداریکردووە وەک یاریزانی سەرەکی و لە تەواوی پاڵەوانێتییەکەش بە درێژایی وەرز دوو گۆڵی تۆمارکردووە.